نوێژخوێنانی دهۆک لە بڕیاری لابردنی مامۆستا هەرمان بێسفکی ناڕازین

کەناڵ8 17/04/2026
مامۆستا هەرمان بێسفکی مامۆستای ئاینی لە دهۆک لە وتاردان لابرا
مامۆستا هەرمان بێسفکی مامۆستای ئاینی لە دهۆک لە وتاردان لابرا

بەهۆی ئەوەی ڕەخنەی لە گرانی نرخی کارەبای پرۆژەی ڕووناکی گرتبوو، مامۆستا هەرمان بێسفکی مامۆستای ئاینی لە دهۆک لە وتاردان لابرا و ڕێگەی پێ نەدرا بچێتەوە مزگەوتەکەی وتار بدات.

خەڵک نیگەرانە لە لابردنی مامۆستا هەرمان

ئەمڕۆش کاتێک نوێژخوێنانی ناوچەکە چوونە مزگەوتی حاجی ئیبراهیم ماسیکی و بینییان مامۆستا هەرمان لە وتاردان لابراوە و کەسێکی دیکە دانراوە، نیگەران بوون و ناڕەزایەتیان دەربڕی.

بڵاوەپێکردنی هێزی ئاسایش

بەهۆیەوە هێزێكی ئاسایش لەدەوروبەری مزگەوتەکە بڵاوی پێکرا.

مامۆستاکە بەهۆی ڕەخنەگرتن لە گرانی نرخی کارەبا لابراوە

بەگوێرەی زانیارییەکانی کەناڵ8، مامۆستا ئاینییەکە بە هۆکاری ئەوەی ڕەخنەی لە گرانیی نرخی کارەبای پرۆژەی ڕووناکی گرتووە، ئەم بڕیارەی بۆ دەرکراوە.

ئەوقافی دهۆک ئاگاداری کردووەتەوە

ڕۆژی پێنجشەممە مامۆستا هەرمان بێسفکی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک نووسیویەتى، لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئەوقافی دهۆکەوە، ئاگادارکراوەتەوە ناتوانێت ڕۆژانی هەینی وتار بدات.

لە وتاری هەینی ڕەخنەی لە گرانی نرخی کارەبای 24 کاتژمێری گرتبوو

لە وتاری ڕۆژی هەینی 3ـی ئەم مانگە، مامۆستا هەرمان ڕەخنەی لە گرانیی نرخی کارەبا گرتبوو، پارێزەرەکەی ڕایگەیاند، لەسەر ئەو وتارە، بە مامۆستا ئایینییەکە گوتراوە کە چیتر ناتوانێت وتار بخوێنێتەوە.

وەک پارێزەرەکەی دەڵێت، ئەمە یەکەمجار نییە مامۆستا هەرمان لە وتاردان دوور دەخرێتەوە، بەڵام بە فشاری میدیا و چالاکوانان، دووبارە چووەتەوە سەر مینبەر.

کەناڵ8

17/04/2026