ئێریک موسامبانی.. مەلەوان نەبوو و بەشداریی ئۆڵۆمپیادی کرد
لە ئۆڵۆمپیادی سیدنی، مەلەوانێکی گینیای کەمەرەیی بەناوی ئێریک موسامبانی بە پشکی وڵاتەکەی بەشداریی کرد، نەک پاڵاوتن و تاقیکردنەوەی تواناکان.
کێشەکە لەوەدابوو موسامبانی مەلەوان نەبوو، بەڵام بەشداریی پێشبڕکێکانی 50 مەتر و 100 مەتری ئۆلۆمپیادی دەکرد، لەژیانیدا یەکەمجار بوو مەلەوانگەیەک ببینێت درێژییەکەی 50 مەتر بێت، چونکە هەشت مانگ پێش ئۆڵۆمپیاد خۆی فێری مەلەوانی کردبوو، لە وڵاتەکەشیدا هیچ مەلەوانگەیەکی فەرمی نەبوو، لە مەلەوانگەی هۆتێلێک و دواتر لە کەناراوەکانی گینیای کەمەرەیی ڕاهێنانی کردبوو.
دەگێڕنەوە کە لەناو تیمساح و دەیان ئاژەڵی ئاوی مەترسیداردا خۆی فێری مەلەکردن کردووە، ڕاوچییەکان فێریانکردووە چۆن تەکنیک بەکاربهێنێت، لەکاتی ئۆڵۆمپیادیش لەگەڵ تیمی ئەمریکا ڕاهێنانی کردووە کە خاوەنی دەیان ئەفسانەن و ئەوانیش کەمێک مەلەیان فێرکردووە.
لەکاتی پێشبڕکێکەدا، دوو مەلەوانە ڕکابەرەکەی بە هەڵە خۆیان فڕێدایە ناو ئاوەکە و موسامبانی بە تەنیا پێشبڕکێی کرد، هیچ لیاقەیەکی نەما و خەریکبوو ماوەکە تەواو نەکات، بەڵام هاندەران چیرۆکەکەیان دەزانی و زۆر هانیاندا تاوەکو ماوەی 50 مەتری بە 40 چرکە و 97ـی چرکەیەک بڕی و پلەی 71ـی بەدەستهێنا، ئەم چیرۆکە بووە باسی میدیای جیهان.
17/04/2026