کۆشکی سپی ڕوونکردنەوە لەسەر بەشداریی ئێران لە مۆندیالی 2026 دەدات

کۆشکی سپی هەڵوێستی فەرمیی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکای سەبارەت بە پرسی بەشداریکردنی هەڵبژاردەی ئێران لە مۆندیالی 2026 ئاشکراکرد، دوای ئەو دۆخە تەمومژاوییەی بەهۆی لێدوانە دژبەیەکەکانی نێوان سەرۆکی ناوبراو و بەرپرسانی ئێران دروست ببوو.

ترەمپ پێشتر "لە پێناو پاراستنی سەلامەتییان" ئامۆژگاریی یاریزانە ئێرانییەکانی کردبوو کە بەشداریی مۆندیالی 2026 نەکەن، بەڵام دواتر جەختی لەوە کردەوە کە سەرەڕای بەردەوامیی گرژییەکان، هەڵبژاردەی ئەو وڵاتە لە ناو پاڵەوانێتییەکەدا "پێشوازی لێ دەکرێت".

ئەم ڕوونکردنەوە نوێیە لە کاتێکدایە کە ململانێ سەربازییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران بەردەوامە و جەمسەرەکان بە ڕێککەوتن نەگەیشتوون و ڕاگرتنی جەنگی نێوانیشیان ئاگربەستێکی کاتییە، ئەوەش گومانی لەسەر بەشداریکردنی هەڵبژاردەی ئێران لە مۆندیال دروست کردووە، بەتایبەت کە بڕیارە هەر سێ یارییەکەی ئێران لە قۆناغی کۆمەڵەکان (بەرامبەر نیوزلەندا، بەلجیکا و میسڕ) لەسەر خاکی ئەمریکا بەڕێوەبچن.

ئاستەنگە جیۆپۆلیتیکییەکان

ئەندرۆ جولیانی، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری تیمی سەرپەرشتیکەری مۆندیال لە کۆشکی سپی، لە لێدوانێکدا بۆ ماڵپەڕی "پۆلیتیکۆ" ئاشکرای کردووە کە بەرپرسانی واشنتن بەردەوامن لە داڕشتنی پلانی میوانداریکردنی ئێران، سەرەڕای بنبەستی دیپلۆماسی و نەبوونی هیچ ئاسۆیەکی ڕوون بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکانی نێوان هەردوو وڵات.

جولیانی دەڵێت، "من بەناوی هەڵبژاردەی ئێرانەوە قسە ناکەم، بەڵام سەرۆک ترەمپ لە گفتوگۆکانماندا ئارەزووی خۆی بۆ هاتنی تیمەکە دەربڕیوە، هەروەها سەرۆکی فیفا دووپاتی کردووەتەوە، کە ئەوان ئامادە دەبن، بۆیە ئێمەش وەک لایەنی خانەخوێ چاوەڕوانیان دەکەین."

ئەم گوتانە وەک ئاماژەیەکی ئەرێنی دەبینرێن دوای چەندین هەفتە لە نادیاریی چارەنووسی ئێران لە مۆندیال، لەکاتێکدا فیفا داواکارییەکی ئێرانی بۆ گواستنەوەی یارییەکانی بۆ خاکی مەکسیک ڕەتکردووەتەوە.

خشتەی ئامادەکارییەکان

بەگوێرەی گوتەکانی جولیانی، پێشبینی دەکرێت شاندی هەڵبژاردەی ئێران لە 10ـی حوزەیرانی 2026 بگاتە ئەمریکا و لە شاری "توسان" لە ویلایەتی ئەریزۆنا کەمپێکی مەشق و ڕاهێنان بکاتەوە، پێش ئەوەی بۆ ئەنجامدانی یارییەکانی بەرەو لۆس ئەنجلۆس و سیاتڵ بەڕێبکەوێت.