ئیتاڵیا یەکێک لە کورسییە ئەورووپیەکانی لەدەست دەدات
خولی ئیتاڵی گورزێکی نوێی لەسەر ئاستی پاڵەوانێتییە ئەورووپییەکان بەرکەوت، دوای ئەوەی پشتڕاستکرایەوە کە ژمارەی کورسییەکانی لە پاڵەوانێتییە ئەورووپییەکانی وەرزی داهاتوو کەمی کردووە، بەمەش "سێریا ئەی" تەنها بە چوار یانە لە خولی پاڵەوانەکانی ئەورووپا، دوو یانە لە خولی ئەورووپا و یەک کورسی لە خولی کۆنفرانس نوێنەرایەتیی ئیتاڵیا دەکات.
ئەم گۆڕانکارییە لە کاتێکدا ڕوودەدات، کە تەواوی یانە ئیتاڵییەکان لە رکابەرییەکانی ئەمساڵی ئەورووپا ماڵئاواییان کردووە، یانەی بۆڵۆنیا لەسەر دەستی ئەستۆن ڤێلا ماڵئاوایی لە خولی ئەورووپا کرد، یانەی فیۆرێنتیناش دوای دۆڕانی بە کریستاڵ پاڵاس لە خولی کۆنفرانس کرایە دەرەوە.
بەهۆی ئەم ماڵئاواییە بەکۆمەڵەوە، ژمارەی خاڵەکانی ئیتاڵیا و پڕۆسەی کۆکردنەوەی خاڵ لەلایەن ئەم وڵاتەوە لە ڕیزبەندی (European Coefficient) بە تەواوی وەستا، ئەوەش لە بەدەستهێنانی کورسی زیادەی چامپیۆنزلیگ بێبەشی کرد، واتا پشکی ئیتاڵیا بۆ وەرزی 2026/2027 تەنها بە چوار یانە جێگیر دەبێت، لە کاتێکدا خولەکانی لالیگای ئیسپانیا و بۆندسلیگای ئەڵمانیا شەڕی بەدەستهێنانی پێنجەم کورسیی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا دەدەن.
سەرکەوتن لە ئیتاڵیا چۆن دەبێت؟
پلەکانی یەکەم تاوەکو چوارەم بەشدار دەبن لە چامپیۆنزلیگ، پلەکانی پێنجەم و شەشەم لە خولی ئیتاڵیا، لەگەڵ پاڵەوانی جامی ئیتاڵیا سەردەکەون بۆ خولی ئەورووپا، تەنها یەک یانەش بەشداریی قۆناغە بەراییەکانی کۆنفرانس لیگ دەکات.
لەلایەکی دیکەوە، کێبڕکێ لەسەر کورسییەکەی جامی ئیتاڵیا هێشتا وەک جەنگێکی کراوە ماوەتەوە، بەتایبەت دوای گەیشتنی یانەکانی ئینتەر میلان، ئاتالانتا، کۆمۆ و لازیۆ بە قۆناغی پێشکۆتایی، ئەمەش هاوکێشەی سەرکەوتن بۆ ئەورووپا لە دوایین هەفتەکانی وەرزدا ئاڵۆزتر دەکات.
هەر کاتێک پاڵەوانی جامەکە بتوانێت لە ڕێگەی ڕیزبەندیی خولەوە کورسییەکی ئەورووپی مسۆگەر بکات، ئەوا بلیتەکەی بۆ تیپی دواتری ناو ڕیزبەندییەکە دەچێت، ئەمەش ململانێکان لە قۆناغە یەکلاکەرەوەکانی "سێریا ئا"دا گەرمتر دەکات.
17/04/2026