لە هێرشێکى درۆنیدا چوار پێشمەرگەی حیزبی دیموکرات شەهید بوون
بەهۆى هێرشى درۆنى بۆ سەر کەمپەکانى حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، لە سنووری شارەدێی بەحرکەی سەر بە پارێزگای هەولێر و دۆڵی ئالانە لە سنووری ئیدارەی سۆران، پاشنیوەڕۆى ئەمڕۆ چوار پێشمەرگەی ئەو حیزبە شەهید بوون و ژمارەیەکی دیکەش برینداربوون.
باوک و کوڕێک لە ناو شەهیدەکاندان
بەگوێرەى بەدواداچوونەکانى پەیامنێری کەناڵ8، لەو هێرشە درۆنییەدا کە کراوەتە سەر کەمپەکانى حیزبى دیموکراتى کوردستانى ئێران، باوک و کوڕێک شەهید بوون، شاهین ئازەربەرزین، شەهید بووە و نادر ئازەربەرزین، باوکی شاهین پاش ئەوەی بە سەختی بریندار دەبێت، دوای ماوەیەک ئەویش شەهید بووە.
دوو کچە پێشمەرگەش شەهید بوون
لە هێرشێکی دیکەشدا بۆ سەر ژمارەیەک لە پێشمەرگەکانی حیزبى دیموکرات، دوو کچە پێشمەرگە بە ناوەکانی نەدا میری و سەمیرا ئەڵڵایاری شەهید و چەند پێشمەرگەیەکی دیکەش بریندار بوون.
موشەکیش لە هێرشەکاندا بەکارهاتوون
هاوکات، حیزبى دیموکراتى کوردستانى ئێران ئەوەیان خستووەتەڕوو، هێرشەکان تەنیا لەڕێگەی درۆنەوە نەبووە و مووشەکیش بەکارهاتووە.
17/04/2026