شێرپەنجەی گەدە و نیشانەکانی
گەدە یەکێکە لە ئەندامە گرنگەکانی جەستە و فرمانی سەرەکیی بریتییە لە تێکشکاندن و هەرسکردنی خۆراک. شێرپەنجەی گەدە بریتییەلە زیادبوونی کۆنترۆڵنەکراوی خانەی شێرپەنجەیی لە گەدەدا، دەکرێت ئەم زیادبوونە لە هەر شوێنێکی گەدەدابێت.
نیشانەکان:
- دروستبوونی ئاستەنگ لەکاتی قوتداندا
- ئازاری سک
- باکردن پاش نانخواردن
- هەستکردن بە تێری پاش خواردنی بڕێکی زۆر کەم لە خۆراک
- برسینەبوون تەنانەت لەکاتێکیشدا کە پێویستە برسیتبێت
- دڵەکزێ
- هەرسنەکردنی خۆراک
- دڵتێکەڵهاتن
- رشانەوە
- لەدەسدانی كێش بەبێ هەبوونی پلانی دابەزاندنی کێش
- هەستکردن بە هیلاکییەکی زۆر
- گۆڕانی رەنگی پیسایی بۆ رەش
زۆرجار لە قۆناغەکانی سەرەتای شێرپەنجەی گەدەدا هیچ نیشانەیەک لە کەسە تووشبووەکەدا دەرناکەوێت، ئەگەر لەم قۆناغەدا نیشانە دروستببێت دەکرێت نیشانەکان هەرسنەکردنی خۆراک و ئازار بن لە بەشی سەرەوەی سکدا.
نیشانەکانی ئەم جۆرە شێرپەنجەیە لە قۆناغەکانی کۆتاییدا دەکرێت هەریەکێک لە هەستکردن بە هیلاکی، دابەزینی کێشی بێ پلان، پیسایی رەش و هەڵهێنانەوەی خوێنبێت.
لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا، ئەگەر شێرپەنجەکە لە گەدەوە بگوازرێتەوە بۆ ئەندامەکانی دیکەی جەستە، ئەوا بە گوێرەی ئەو شوێنەی شێرپەنجەکەی بۆ گوازراوەتەوە نیشانەکان دەگۆڕێن. بۆنمونە، ئەگەر شێرپەنجەکە بگوازرێتەوە بۆ لیمفەگرێکان ئەوا کەسەکە تووشی هەڵئاوسانی لیمفەگرێکان دەبێت کە دەکرێت لەسەر پێستەوە هەستی پێبکرێت، خۆ ئەگەر شێرپەنجەکە بۆ جگەر بگوازرێتەوە، دەکرێت کەسەکە تووشی زەردوویی ببێت، ئەگەریش بەناو سکدا بڵاوبووەوە، کەسەکە سکی دەئاوسێت.

هۆکارەکان:
تاوەکو ئێستا هۆکاری تووشبوون بە شێرپەنجەی گەدە نەزانراوە، بەڵام پسپۆڕان دەڵێن لە زۆرینەی حاڵەتەکاندا شێرپەنجەی گەدە بەهۆی زیانگەیشتن بە ناوپۆشی گەدەوە دروستدەبێت، ئەم زیانگەیشتنەش هۆکاری زۆرە. بۆنموونە، هەوکردنی گەدە، گەڕانەوەی ترشەڵۆکی گەدەی درێژخایەن و خۆراکی سوێر. لەگەڵ ئەوەشدا مەرج نییە هەموو ئەوانەی کە ئەم حاڵەتانەیان هەیە تووشی شێرپەنجەی گەدە ببن، هەربۆیە توێژینەوەی زیاتر پێویستە بۆ زانینی هۆکارەکانی شێرپەنجەی گەدە.
لە شێرپەنجەی گەدەدا، سەرەتا ناوپۆشی گەدە بەهۆی ماددەیەک یان هەر هۆکارێک بێت، زیانی پێدەگات، ئەم زیانە گۆڕانکاری لە ناوکەترشی خانەکانی گەدەدا دروستدەکات. ناوکەترشی خانەکان ئەو بەشەی خانەیە کە زانیارییەکان هەڵدەگرێت و هاوسەنگیی نێوان رێژەی دروستبوونی خانەی نوێ و لەناوچوونی خانەی کۆن کۆنترۆڵدەکات. کاتێک ئەم ناوکەترشە گۆرانکاریی بەسەردادێت، خانەکە کۆنترۆڵ لەدەستدەدات و بە شێوازێکی هەڕەمکی و کۆنترۆڵنەکراو خانەی زیاتر دروستدەکات، هاوکات خانە تەندروستەکانیش لەناودەچن، ئەمە وادەکات وردەوردە خانەکان کۆببنەوە و گرێ دروستبکەن.
خانە شێرپەنجەییەکان لە گەدەدا شانە تەندروستەکان لەناودەبەن و قوڵتر دەبنەوە تاوەکو دەگەنە دیواری گەدە، پاشان دەکرێت دیواری گەدەش تێبپەڕێنن و بڵاوببنەوە بە ئەندامەکانی دیکەی جەستەی کەسە تووشبووەکەدا.

چین ئەو هۆکارانەی مەترسیی تووشبوون زیاد دەکەن؟
- گەڕانەوەی ترشەلۆکی گەدە بە شێوازێکی درێژخایەن
- خواردنی ناتەندروست و سوێر
- نەخواردنی سەوزە و میوە
- هەوکردنی گەدە بەهۆی بەکتریای هێلیکۆباکتەر پایلۆری
- هەوکردن
- جگەرەکێشان
- گۆشتی زیادەی گەدە
- مێژووی خێزانی (لە خێزانێکدا تووشبووی ئەم نەخۆشییە هەبێت)
شێوازەکانی رێگریکردن لە تووشبوون:
- دەوڵەمەندکردنی ژەمە خۆراکەکان بە سەوزە و میوە، گرنگە جۆری جیاواز لە سەوزە و میوە لە ژەمە خۆراکییەکانی رۆژانەدا بوونیان هەبێت
- سنووردارکردنی خواردنە ناتەندروستەکان وەکو خواردنی خێرا
- وازهێنان لە جگەرەکێشان: جگەرەکێشان یەکێکە لەو هۆکارانەی کە مەترسیی تووشبوون بە شێرپەنجەی گەدە و چەندین جۆری دیکەی شێرپەنجە زیاددەکات.
- گرنگە ئەو کەسانەی لە خێزانەکەیاندا چەند تووشبوویەکی شێرپەنجەی گەدە هەن، سەردانی پزیشکی پسپۆڕ بکەن بەمەبەستی ئەنجامدانی پشکنینی پێشوەختەی شێرپەنجەی گەدە.
18/04/2026