زیادبوونی ژمارەی ڕاهێنەران وەک بێکاریی شاراوە

سەلام تاهیر

بەبێ هەبوونی بازاڕێکی کاری ڕاستەقینە، دەبێتە هۆی دروستبوونی جۆرێک لە "بێکاریی شاراوە" لەم بوارەدا.

دەتوانین بە چەند خاڵێک سەیری ئەم دۆخە بکەین:
١. چەندایەتی بەرامبەر چۆنایەتی :
لە عێراقدا جەختێکی زۆر دەکرێتەوە لە سەر زیادکردنی ژمارەی ئەو کەسانەی بڕوانامەی (A, B, C)ی ئاسیا وەردەگرن، بەڵام پرسیارە جەوهەرییەکە ئەوەیە:
ئایا ئەم خولانە ڕاهێنەری مۆدێرن دروست دەکەن، یان تەنها بڕوانامە دەبەخشنەوە؟
زۆربەی کات وانەکان کلاسیکین و لەگەڵ گۆڕانکارییە خێراکانی تۆپی پێی جیهانیدا ناگونجێن.
٢. نەبوونی سیستەمی یانەکان :
زۆربەی یانەکانی ئێمە تەنها گرنگی بە تیمی یەکەم دەدەن. ئەگەر یانەکان خاوەنی ئەکادیمیای ڕاستەقینە و تیمەکانی تەمەنی بنەڕەتی بن (نەک تەنها بە ناو)،
ئەو کاتە پێویستمان بە سەدان ڕاهێنەر دەبێت. لە ئێستادا چونکە ژێرخانی وەرزشی لاوازە، ڕاهێنەرە لاوەکان شوێنیان نابێتەوە.
٣. لایەنی بازرگانی خولەکان :
هەندێک جار وا هەست دەکرێت کردنەوەی ئەم خولانە زیاتر بۆ کۆکردنەوەی داهاتە بۆ فیدراسیۆنەکان یان لایەنە ڕێکخەرەکان، نەک بە مەبەستی پڕکردنەوەی پێداویستییەکی تەکنیکی.
کێشە سەرەکییەکانی ئەم دیاردەیە:

  • دابەزینی بەهای بڕوانامە:
    کاتێک ژمارەی هەڵگرانی بڕوانامە زۆر دەبێت و دەرفەت نییە، بڕوانامەکە مانا تەکنیکییەکەی خۆی لەدەست دەدات.
  • بێهیوابوونی ڕاهێنەرە بەهرەمەندەکان:
    ڕاهێنەرە باشەکان و بەهرەمەندەکان لە ناو قەرەباڵغی و واستەکاریی یانەکاندا ون دەبن.
  • نەبوونی خولی نوێکردنەوە ( زاخاو ) (Refreshment):
    زۆرێک بڕوانامە وەردەگرن و چیتر ناخوێننەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی ئاستی مەشق و ڕاهێنان لە وڵاتدا چەق بەستوو بێت.
    کورتەی قسە:
    کردنەوەی خول باشە، بەڵام بەو مەرجەی پلانێکی نیشتمانی هەبێت بۆ دامەزراندنی ئەم ڕاهێنەرانە لە قوتابخانەکان، ئەکادیمیاکان و یانەکاندا، بەبێ "هەلی کار"، بڕوانامە تەنها پارچە کاغەزێکە.