نەتانیاهوو: نەمانهێشت ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆم

بنیامین ناتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل
بنیامین ناتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل

بنيامین نەتانیاھوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ئەمڕۆ ڕایگەیاند، بە ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانیان ڕێگرییان کرد لەوەی ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆم، دەشڵێت، ئێران کاری بۆ ئامادەکردنی بۆمبی ئەتۆمی دەکرد بۆ لەناوبردنی ئێمە و ئەمە تەنیا قسە یان پڕوپاگەندە نییە.

"ئەگەر هێرشیان نەکردایە"

گوتیشی، ئەگەر هێرشیان نەکردایە، ئێستا ئێران خاوەنی بۆمبی ئەتۆمی دەبوو، کە ئەوە دەبووە سەرەتایەک بۆ مەرگی گەلەکەیان.

ئامادەکارییەکانی تەلئەڤیڤ بۆ جەنگ

پێشتر ڕاپۆرتە ئیسرائیلییەکان ئاماژەیان بەوە کردبوو تەلئەڤیڤ هەموو ئامادەکارییەکی کردووە لە ئەگەری دەسپێکردنەوەی جەنگ لەگەڵ ئێران ئەگەر دانوستانەکانی نێوان واشنتن و تاران شکستبهێنن.

چاودێریکردنی لێدوانەکانی ترەمپ

ڕۆژنامەی "یەدیعوت ئەحرۆنۆت" نووسیویەتی، بەرپرسانی ئیسرائیل چاودێریی لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپ دەکەن، کە لەنێوان گەشبینی بە گەیشتن بە ڕێککەوتن و هۆشداریدان لە ئەگەری دەسپێکردنەوەی هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران خۆی دەبینێتەوە.

نێوەندگیری بەردەوامی پاکستان

ئەمە لەکاتێکدایە، پاکستان بەردەوامە لە نێوەندگیری، بەجۆرێک کە عاسم منیر، سوپاسالاری وڵاتەکەی ناردووە بۆ تاران بە مەبەستی نزیککردنەوەی ئەمریکا و ئێران.

لە هەمانکاتدا، سوپای پاسدارانی ئێران ڕایگەیاند، گەرووی هوورمز بە داخراوی دەمێنێتەوە تاوەکو ئەو کاتەی ئەمریکا گەمارۆ دەریاییەکانی لادەبات و هۆشداریشی داوەتە کەشتییەکان لە بەجێهێشتنی شوێنی لەنگەرگرتنیان لە کەنداوی عەرەبی یان دەریای عوممان.