ئەمڕۆ محەممەد سەمعان وەک پارێزگاری نوێی کەرکووک دەستبەکار دەبێت
ئەمڕۆ پارێزگاری نوێی کەرکووک دوای وەرگرتنی مەرسوومی کۆماری، بە شێوەیەکی فەرمی دەستبەکار دەبێت و بەپێی ڕێککەوتنی لایەنەکانیش پۆستەکەی بۆ ماوەیەکی دیاریکراو و بە شێوەی خولی دەبێت.
ڕێوڕەسمی دەستبەکاربوون و سوێندی یاسایی
ئەمڕۆ 21ـی نیسانی 2026، محەممەد سەمعان، پارێزگاری نوێی کەرکووک دوای ئەوەی لە ڕۆژی ڕابردوودا مەرسوومی کۆماری لەلایەن سەرۆککۆماری عێراقەوە بۆ دەرچوو، بە فەرمی دەستبەکار دەبێت. بڕیار وایە محەممەد سەمعان بچێتە دادگای کەرکووک بۆ خوێندنی سوێندی یاسایی و دواتر ڕاستەوخۆ دەچێتە بینای پارێزگا بۆ دەستپێکردنی ئەرکەکانی، هاوکات هیچ مەراسیمێکی فەرمی بۆ پێشوازیکردنی ڕێکنەخراوە.
وادەی مانەوە لە پۆستەکە و ئاڵوگۆڕی داهاتوو
بەگوێرەی زانیارییەکانی کەناڵ8 بەپێی ئەو ڕێککەوتنەی لە نێوان لایەنەکانی ناو ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک ئەنجامدراوە، محەممەد سەمعان تاوەکو سەری ساڵی نوێ لە پۆستی پارێزگاردا دەمێنێتەوە. لە ڕێککەوتی 1ـی کانوونی دووەمی 2027، پۆستی پارێزگاری کەرکووک دەدرێتە پێکهاتەی عەرەب و لە بەرامبەردا ژمارەیەک پۆستی دیکەی کارگێڕی لە پارێزگاکەدا گۆڕانکارییان تێدا دەکرێت و دەدرێنەوە بە پێکهاتەی کورد.
ئەنجامی هەڵبژاردنی ناو ئەنجوومەن و دابەشکاریی پۆستەکان
لە ڕێککەوتی 16ـی نیسانی 2026، ئاڵوگۆڕی پۆستە کارگێڕییەکانی کەرکووک بەپێی ڕێککەوتنی مانگی ئابی 2024 ئەنجامدرا. محەممەد سەمعان لە پشکی پێکهاتەی تورکمان بە 12 دەنگی ئەندامانی ئەنجوومەن بە پارێزگار هەڵبژێردرا، هەروەها نەشئەت شاهوێز لە پشکی کورد بە 14 دەنگی ئەندامان پۆستی جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای وەرگرت. ئەم پرۆسەیە گۆڕانکاریی لە 13 پۆستی دیکەی ئیداریی پارێزگاکەدا دروستکرد.
21/04/2026