د.نەسرین شەریف: پشکنینی سۆنەر هیچ زیانێک بە تەندروستیی دایک و کۆرپەکەی ناگەیەنێت!

وێنەی خانمێکی دووگیان
وێنەی خانمێکی دووگیان

بەشێک لە خانمان بەردەوام پرسیار لە پزیشکان دەکەن، سەبارەت بەوەی ئایا ئەنجامدانی پشکنینی سۆنەر لە ماوەی دووگیانیدا سەلامەتە یان نا؟ بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە و هۆشیاریی ئەنجامدانی پشکنینی سۆنەر لە ماوەی دووگیانیدا، د.نەسرین شەریف، پزیشکی پسپۆڕی تیشک و سۆنەر، چەند خاڵێک بۆ هاونیشتمانییان و بەتایبەت خانمان ڕوون دەکاتەوە.

'' پشکنینی سۆنەر یەکێکە لە شێوازە وردەکان بۆ چاودێریکردنی دووگیانی ''

پزیشکە پسپۆرەکە دەڵێت '' ئەنجامدانی پشکنینی سۆنەر بە تەواوەتی بە سەلامەت دادەنرێت و هیچ زیانێکی ئەوتۆ بە تەندروستیی دایک یان کۆرپەکەی ناگەیەنێت، بەو پێیەی ئەنجامدانی پشکنینی سۆنەر پشت بە شەپۆلی دەنگی دەبەستێت و تیشکی تێدا نییە (وەک تیشکی ئێکس). ئەنجامدانی پشکنینی سۆنەر نابێتەهۆی دروستبوونی کەموکوڕی لە تەندروستیی کۆرپەکە و پڕۆسەی لەدایک بوونیدا.  پشکنینی سۆنەر یەکێکە لە شێوازە وردەکان بۆ چاودێریکردنی دووگیانی و دەستنیشانکردنی حاڵەتە پزیشکییەکان بە شێوەیەکی سەلامەت''.

خاڵە سەرەکییەکان سەبارەت بە سەلامەتیی ئەنجامدانی پشکنینی سۆنەر

پزیشکەکە چەند خاڵێکی گرنگ سەبارەت بە ئەنجامدانی پشکنینی سۆنەر دەخاتەڕوو، لەوانە:

  1. -سۆنەری زێ: پشکنینێکی تەواو سەلامەتە و نابێتە هۆی لەبارچوون، ئەنجامدانی ئەم پشکنینە یەکێکە لە ڕێگە وردەکانی دەستنیشانکردنی حاڵەتە تەندروستییەکان لە سەرەتای ماوەی دووگیانیدا
  2. پشکنینی سۆنەر هێڵی یەکەمی وێنەگرتنە بۆ هەڵسەنگاندنی خوێنبەربوونی دوای وەستانی سوڕی مانگانە، بە شێوەیەکی سەرەکی بەکاردێت بۆ دیاریکردنی هۆکارەکانی خوێنبەربوون.

سوودە سەرەکییەکانی پشکنینی سۆنەر بۆ حاڵەتی خوێنبەربوونی دوای وەستانی سوڕی مانگانە

د.نەسرین شەریف دەڵێت '' ئەنجامدانی پشکنینی سۆنەر بۆ حاڵەتی خوێنبەربوونی دوای وەستانی سوڕی مانگانە، چەندین سودی هەیە''، لەوانە:

  1. ووردبینی لە دەستنیشانکردن: ئەگەر ناوپۆشی منداڵدان تەنک بێت (≤ 4 ملم)، ئەگەری ئەوەی حاڵەتەکە شێرپەنجە بێت، زۆر کەمە
  2. پشکنینی سۆنەر دەتوانێت بە وردی هۆکارە باوەکانی خوێنبەربوون دەستنیشان بکات، وەک گۆشتی زیادەی ناوپۆشی منداڵدان، گرێی ڕیشاڵی و تێکچوونی ناوپۆشی منداڵدان