مۆساد یادى بریکارێکى کردەوە کە لە ئۆپراسیۆنەکانى دژى ئێران ڕۆڵیگێڕاوە
دەیڤید بارنیا، سەرۆکی دەزگاى هەواڵگرى ئیسرائیل ناسراو بە "مۆساد"ئەمڕۆ سێشەممە ئاشکراى کرد بریکارێکی مۆساد کە لە مانگی ئایاری 2023 دا لە ڕووداوێکی بەلەمدا لە ئیتاڵیا گیانی لە دەستداوە، سەرکردایەتیی ئۆپراسیۆنەکانی کردووە کە بەشداربوون لە سەرکەوتنەکانی ئەم دواییەی ئیسرائیل دژی ئێران.
ناوی نهێنی بریکارەکەی مۆساد
ئەو بریکارە کە تەنیا بە یەکەم پیتی عیبری "میم" ناوەکەى دەناسرێتەوە، لە 2023دا میدیاکانی ئیتاڵیا بەناوی ئیرێز شیمۆنی 50 ساڵ ناویان بردووە کە پێدەچێت ناوی نهێنى بێت و دواتر ناسنامەی ڕاستەقینەی ئەو بە فەرمی بڵاونەکرایەوە.
ڕۆڵی میم لە ئۆپراسیۆنەکانی سەر ئێران
سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیل، ئەمڕۆ لە وتارێکیدا لە یادی کوژراوانی "میم" گوتى "لە کاتی ئامادەکارییەکانیان بۆ ئۆپراسیۆنەکانی دژى ئێران بەمانەى دوایشەوە "میم" ڕۆڵێکی باڵای هەبووە لە کۆکردنەوەی زانیاریی بۆ ئامادەکارییەکانی ئۆپراسیۆنەکان بۆسەر ئێران".
چیرۆکی گیانلەدەستدانی میم
دەیڤید بارنییە، سەرۆکی دەزگاکە ڕایگەیاند، ئەو ئەندامەی مۆساد، بە (میم) ناسراو بووە، لە ساڵی 2023 بەڕووداوی وەرگەڕانی یەختەکەیان لە دەریاچەی (ماجۆری) لە ئیتاڵیا گیانی لە دەستداوە، هەر لەو ڕووداوە لە کۆی 19 سەرنشین چواریان گیانیان لە دەستدابوو.
لە پاش ڕووداوەکەوە، ئەوکات دەستەی پەخشی ئیسرائیل بڵاویکردەوە، یەکێک لەوانەی لەو ڕووداوە گیانی لە دەستداوە، ئەندامی مۆساد بووە، بەبێ ئەوەی وردەکاری زیاتر بڵاوبکاتەوە، یان ئاماژە بە ئەرکەکەی و هۆکاری ئامادەبوونی لەو شوێنە بکات.
ئۆپراسیۆنەکان لەسەر بنەمای زانیارییەکانی میم
بارنییە، لەبارەی ئەندامەکەی مۆسادەوە دەڵێت، (میم) ڕۆڵێکی سەرەکی هەبووە لە ئامادەکارییەکان بۆ ئەو ئۆپراسیۆنانەی کە ئێران و بنکە ستراتیجییەکانیان کردووەتە ئامانج، جەختیکردەوە کارەکانی بەشێکی بنەڕەتی بووە لەو ژێرخانەی کە ئۆپراسیۆنەکانیان لەسەر بونیادناوە.
گوتیشی "سروشتی کاری (میم) زۆر نهێنی بووە، بۆیە ناسنامەکەی و وردەکاری چالاکییەکانی بە شاراوەیی و زۆرێک لە دەستکەوتەکانی بە نهێنی دەمێننەوە".
ستایشی میم
سەرۆکی دەزگای هەواڵگری ئیسرائیل، دەشڵێت، (میم)هاوڕێیەکی ڕاستەقینە بووە و کەسێکی خاوەن بەها بووە. ئاماژە بەوەشدەکات، خولیای لێخوڕینی بەلەمی هەبووە و خولی تایبەتی لەو بوارە تەواو کردووە.
چیرۆکەکە لە میدیاکانی ئیتالیا
بەگوێرەی ڕاپۆرتە میدیاییەکانی ئیتاڵیا، ئەو گەشتە دەریاییەی کە بەو ڕووداوە کۆتایی هات، وەک دیدارێکی نێوان ئەندامانی هەواڵگریی ئیتاڵیا و ئیسرائیل ناوبراوە، کە تێیدا دوو ئەندامی هەواڵگریی ئیتاڵیاش گیانیان لە دەستداوە.
بەخاکسپاردنی نائاسایی میم
بەگوێرەی دەستەی پەخشی ئیسرائیل، ڕێوڕەسمى بەخاکسپاردنەکەی (میم) بە ڕێوشوێنی نائاسایی بەڕێوەچوو؛ بەرپرسانی باڵای مۆساد دەمامکیان پۆشیبوو و سەریان داپۆشیبوو، هەروەها داوا لە ئامادەبووان کرابوو مۆبایلەکانیان بکوژێننەوە، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ هەستیاری ئەمنیی ڕووداوەکە.
بەرپرسێکی ئەو بەشەی (میم) کاری لێکردووە، دەڵێت، ئەو زۆر نهێنی لەگەڵ خۆی برد، ئاماژەی بەوەشکرد، تەنانەت هاوکارە نزیکەکانیشی ئاگاداری وردەکاری کارەکانی نەبوون.
چیرۆکی میم لە میدیای جیهانییەکان
لە 31ـی ئایاری 2023، ڕۆیتەرز بڵاویکردووەتەوە، تەرمی بریکارێکی خانەنشینکراوی مۆساد، دوای سێ ڕۆژ لە گیان لە دەستدانی لەگەڵ دوو ئەفسەری هەواڵگریی ئیتاڵی و ژنێکی ڕووسی لە ڕووداوێکی بەلەم لە باکووری ئیتاڵیا، گەڕێنرایەوە بۆ ئیسرائیل.
ڕۆیتەرز ئاماژەی بەوەشکردووە، ڕووداوەکە سەرنجی زۆری ڕاکێشا دوای ئەوەی ڕۆما دانی بەوەدانا کە دوو کەس لە کوژراوەکان بە ناوەکانی کلۆدیۆ ئەلۆنزی تەمەن 62 ساڵ و تیزیانا بارنۆبی تەمەن 53 ساڵ لە دەزگا نهێنییەکانی ئیتاڵیا کاریان کردووە.
باسکردنی لە لایەن سەرچاوە ئیتالییەکانەوە
هەروەها سەرچاوە ئیتاڵییەکان ئاماژەیان بەوە کردبوو، ئەو ئیسرائیلییە کوژراوە سیخوڕ بووە و ناوی ئیرێز شیمۆنی تەمەن 50 ساڵ بووە، ئیسرائیل ڕەتیکردووەتەوە ناسنامەکەی ئاشکرا بکات و پێشتر تەنیا ڕایگەیاندبوو کە خانەنشین بووە لە هێزە ئەمنییەکان.
بەڵام نووسینگەی بنیامین نەتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، ئەوکات پشتڕاستی کردەوە ناوبراو ئەندامی خانەنشینکراوی مۆساد، کە دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی وڵاتەکەیە.
نووسینگەی نەتانیاهوو، ڕایگەیاندبوو، "مۆساد دۆستێکی ئازیزی لەدەستدا، ئەندامێکی دڵسۆز و پیشەیی کە بۆ دەیان ساڵ ژیانی خۆی بۆ ئاسایشی دەوڵەتی ئیسرائیل تەرخانکرد".
21/04/2026