هونەرمەندان: بایکۆتی یۆرۆڤیژن بکەن

قەیرانەکان بەرۆکی بۆنەی موزیکیی یۆرۆڤیژن بەرنادەن، لە پێشهاتێکی نوێدا، بەشێک لە گرووپ و کەسایەتییە موزیکییە دیارەکانی ئەورووپا، داوا لە هەواداران دەکەن، بایکۆتی ئەم بۆنەیە بکەن.

واژۆیان کۆکردووەتەوە

ژمارەیەک لە هونەرمەند، گرووپ و کەسایەتییە موزیکییەکان، لەوانە: ماسڤ ئەتاک، نیکاپ، برایەن ئینۆ، سیگور رۆس و نادین شا، پەیامێکی کراوەیان واژۆ کردووە بۆ بایکۆتکردنی بۆنەی موزیکیی یۆرۆڤیژن و داوا لە هەواداران دەکەن ئەمساڵ گرنگیی بەم بۆنەیە نەیەن.

پەیوەندیی بە ئیسرائیلەوە هەیە

نیگەرانیی و داوای بایکۆتی ئەم بۆنەیە دەگەڕێتەوە بۆ بڕیاری ئەندامانی بەشداربوو، کە لەماوەی ڕابردوودا، لە بڕیاری دوورخستنەوەی ئیسرائیل کشانەوە و لە کۆتاییدا ئاشکرایان کرد کە ئیسرائیل ئەندام و بەشداربوویەکی سەرەکیی دەبێت لە یۆرۆڤیژنی 2026.

کەی بەڕێوەدەچێت؟

بڕیارە ڕێکەوتی 16ی ئایاری ئەمساڵ، خولی 70ـەمینی یۆرۆڤیژن لە نەمسا بەڕێوەبچێت، کە یەکێکە لە دیارترین بۆنە موزیکییەکانی جیهان و ساڵانە سەرنجی زیاتر لە 160 ملیۆن کەس ڕادەکێشێت.