وەزارەتی کشتوکاڵ: سەوزە و میوەی هەرێمی کوردستان ڕەوانەی ناوەڕاست و خوارووی عێراق دەکرێت

بەرهەمی کشتوکاڵی لە بازاڕی عەلوەی سلێمانی
بەرهەمی کشتوکاڵی لە بازاڕی عەلوەی سلێمانی

وەزارەتی کشتوکاڵ و یەکێتیی هاوردە و ناردنکاران کار بۆ هەناردەکردنی زیادەی بەرهەمی ناوخۆیی بۆ بازاڕەکانی عێراق و دەرەوەی وڵات دەکەن.

هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ

ڕزگار حەمە خدر، ڕاوێژکاری وەزارەتی کشتوکاڵ بە کەناڵ8ـی ڕاگەیاند، بەپێی ڕۆژژمێری کشتوکاڵی و لەگەڵ پێگەیشتنی بەرهەمەکان لە مانگی 5، سەرجەم بەرهەمەکانی وەک پەتاتە، تەماتە، خەیار، کولەکە و باینجان ڕەوانەی ناوەڕاست و خوارووی عێراق دەکرێن. ئاماژەی بەوەش کرد، هەموو ئەو ڕێگرییانەی پێشتر هەبوون لابراون و ئێستا بەرهەمەکان بە بڕوانامەی تەندروستی و فەرمییەوە دەنێردرێن.

ناردنی بەرهەمە ئاژەڵییەکان

بەپێی زانیارییەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ، جگە لە بەرهەمە کێڵگەییەکان، مریشک و هێلکەی هەرێمی کوردستانیش بۆ پارێزگاکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق دەنێردرێن. ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی پلانی ساغکردنەوەی بەرهەمی ناوخۆیی و پڕکردنەوەی پێداویستییەکانی ناوخۆی عێراقدا جێبەجێ دەکرێت.

هەناردەکردن بۆ دەرەوەی وڵات

مستەفا شێخ عەبدولڕەحمان، سەرۆکی یەکێتیی هاوردە و ناردنکارانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ساڵانە زیادەی بەرهەمی پەتاتە، هەنار، سێو و هەنگوین هەناردەی وڵاتان دەکرێت. جەختی لەوەش کردەوە کە ئەم بەرهەمانە بەهۆی ئەوەی بە شێوەی ئۆرگانی و بێ بەکارهێنانی ماددەی کیمیایی بەرهەمدەهێنرێن، لە دەرەوە خواستی زۆریان لەسەرە.

ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان شارەکان

ڕاوێژکاری وەزارەتی کشتوکاڵ ڕوونیکردەوە، هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق بەردەوامە. ئاماژەی بەوە کرد، لە مانگەکانی 10 و 11ـدا بەرهەمی تەماتەی زوبێر و بەسرە لە هەرێمی کوردستان ساغکراوەتەوە، لە بەرامبەردا قەدەغەی تەماتەی دەرەکی کراوە بۆ ئەوەی پشتیوانی لە بەرهەمی ناوخۆیی عێراق بکرێت.