ئێران... وێنەکێشان وەک هێمای بەرگری
لەو کاتەوەی جەنگ لەنێوان ئێران، ئیسرائیل و ئەمریکا دەستیپێکردووە، چەندین تابلۆ لەسەر دیوارەکانى تاران و شارە گەورەکانی وڵاتەکە نەخشێنراون، کە پڕن لە هێما و ناوەڕۆکی پەیوەندیدار بە بەرگری و ڕووبەڕووبوونەوە.
تابلۆکان ڕەنگدانەوەی پەیامە سیاسییەکانن
تابلۆ و پۆستەرە گەورەکان مێژوویەکی درێژیان هەیە، وەک تایبەتمەندییەکی دیاری سیمای شارەکانی ئێران، بەتایبەتی لە تاران، کە تێیدا ئەم جۆرە تابلۆیانەی ناو مەیدانە سەرەکییەکان ڕەنگدانەوەی پەیامە سیاسییەکان و سیاسەتی دەرەوەی دەوڵەتن.
ئامرازێک بۆ پیشاندانی یادەوەریی بە کۆمەڵ
لە دوای شۆڕشی 1979 کە کۆماری ئیسلامی تێدا دامەزرا، ئەم وێنانە وەک ئامرازێک بۆ پیشاندانی ئایدۆلۆجیا و یادەوەریی بەکۆمەڵ بەکارهێنراون.
نموونەیەک لە تابلۆکان
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، تابلۆیەک لە تاران دەرکەوتووە کە کەشتییەکی فڕۆکەهەڵگری ئەمریکی پیشان دەدات، چەندین تابووتی هەڵگرتووە و بە ئاڵای ئەمریکا داپۆشراون، لە کاتێکدا لەلایەن بەلەمە بچووکەکانی ئێران و هەلیکۆپتەرێکەوە گەمارۆ دراوە.

گوزارشت لە باڵادەستی دەریایی
ئەم وێنەیە گوزارشت لە باڵادەستی دەریایی دەکات، لەکاتێکدا هێزە چەکدارەکانی ئێران بەردەوامن لە گەمارۆدانی گەرووی هوورمز، کە لە کاتی ئاشتیدا یەک لەسەر پێنجی نەوت و گازی سروشتی جیهانی پێدا تێدەپەڕێت.
تابلۆیەکی دیکە وێنەی پیاوێک پیشان دەدات کە هەردوو دەستی بەرز کردووەتەوە و بە ئاڵای ئێران پێچراونەتەوە و بە دەستەکانی شێوەی دڵێکی دروست کردووە، ئەمەش گوزارشت لە چاندنى هەستى نەتەوایەتى لاى ئێرانییەکان دەکات.
یەکێکى دیکە ئاڵای ئێرانە بە درێژایی دیوارەکە دەشەکێتەوە و گوڵەکەی ناوەڕاستی بووە بە مووشەک، لە تەنیشتیدا کچێکی گەنج پۆستەرێکی بەدەستەوەیە کە لەسەری نووسراوە: "پێکەوە بۆ شۆڕش هاتووین"، وەک ئاماژەیەک بۆ پشتگیریکردنی ئێران لە جەنگدا.

وێنەی ڕابەرەکانی ئێران
لە شوێنێکی دیکە، تابلۆیەک زنجیرەی سەرکردایەتی پیاوانی ئایینی لە ئێران پیشان دەدات؛ بە ئیمام خومەینی، دامەزرێنەری کۆماری ئیسلامی دەستپێدەکات، پاشان عەلی خامنەیی کە لە هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیلدا لە 28ـی شوبات کوژرا و لە کۆتاییدا بە موجتەبا خامنەیی کوڕی و جێنشینی کۆتایی دێت.

کردنە ئامانجی ئەستێرەی داود
هەندێک کاری دیکە، درۆنە ئێرانییەکان پیشان دەدەن کە "ئەستێرەی داود" (نیشانەی ئاڵای ئیسرائیل) تێکدەشکێنن. هەروەها تابلۆیەک خۆپیشاندەران پیشان دەدات لە مەیدانی ئازادی کۆبوونەتەوە و دروشمی "مەرگ بۆ ئەمریکا" دەڵێنەوە و یەکێکیان وێنەی عەلی خامنەیی بەدەستەوەیە.
مێژووی تابلۆکان دژی ئەمریکا
دیارترین ئەو تابلۆیانەی کە مێژوویەکی کۆنیان هەیە و دژی ئەمریکان، ئەوانەن کە لە دەوروبەری باڵیۆزخانەی پێشووی ئەمریکان لە ناوەڕاستی تاران، کە ئێستا وەک مۆزەخانەیەک بە ناوی "لانەی سیخوڕی" ناسراوە.
یەکێکیان وێنەی پەیکەری ئازادیی شێوێندراو پیشان دەدات کە قۆڵێکی شکاوە و دیمەنی وێرانکاریی دەوری داوە.
ئێرانییەکان تابلۆیەکى دیکەیان کێشاوە کە کە لەبرى ئەستێرەکانی سەر ئاڵاى ئەمریکا، بە کەللـەسەر نەخشێنراوە.
ئێرانییەکان لە هونەردا پێشکەوتوون و مێژوویەکى درێژیان هەیە، بە نەخشاندنى تابلۆ هونەرییە جەنگییەکان دەیانەوێت جۆشى هەستى نەتەوایەتى هاوڵاتییەکانیان و سەرکەوتنى وڵاتەکەیان بدەن.

22/04/2026