فەڕەنسا میوانداریی مۆندیالى باسکە دەکات
وڵاتى فەڕەنسا میوانداریی یارییەکانى جامى جیهانى 2031ی باسکە دەکات و ئەوەش یەکەمجارە لە مێژووى ئەو وڵاتەدا ڕوو بدات.
فیدراسیۆنى نێودەوڵەتیی تۆپى باسکە، لە ڕاگەیەندراوێکى فەرمیدا بڵاویکردووەتەوە، دۆسیەى وڵاتى فەڕەنسا قبوڵ کراوە، بۆ ئەوەى میواندارى یارییەکانى جامى جیهانى بکات لە ساڵى 2031.
بە پێی ڕاگەیەندراوەکەى فیدراسیۆنى تۆپى باسکە، هەریەکە لە شارەکانى پاریس و لیل و لیۆن، دیاریکراون بۆ ئەوەى سەرجەم یارییەکانى ئەو مۆندیالەى تێدا بەڕێوە بچێت، یاریی کۆتاییش لە شارى پاریس دەبێت.
ئاشکراشى کردووە، چەند شارێک پێشنیاز کرابوون بۆ ئەوەى یارییەکانى تێدا بەڕێوە بچێت، بەڵام ئەو سێ شارە گونجاوترینن بۆ ئەوەى بتوانن مۆندیالێکى بێ کێشە بەڕێوە ببەن.
ئەوەش یەکەمجارە لە مێژووى فەڕەنسا، میواندارى جامى جیهانى باسکە بکات کە یەکێکە لە وڵاتانى کیشوەرى ئەورووپا، بە پێچەوانەى کیشوەرى ئاسیا، کە دوو جارى ڕابردوو لە وڵاتانى چین بە تەنیا و ژاپۆن و فلیپین و ئیندۆنیزیا بە هاوبەشى لەو کیشوەرە بەڕێوە چوو، مۆندیالى داهاتووش لە ساڵى 2027 دەبێت و وڵاتى قەتەر میواندارى دەکات، بەوەش کیشوەرى ئاسیا بۆ جارى سێیەم لەسەریەک، مۆندیالى باسکەى تێدا ئەنجام دەدرێت.
22/04/2026