بودجەی بەرگری ئەمريکا بۆ ساڵی داهاتوو 1.5 ترليۆن دۆلارە

لۆگۆی وەزارەتی جەنگی ئەمریکا ناسراو بە پنتاگۆن
لۆگۆی وەزارەتی جەنگی ئەمریکا ناسراو بە پنتاگۆن

وەزارەتی بەرگریی ئەمريکا نيوەی بودجەی بەرگرييەکەی بۆ ساڵی 2027 بۆ کڕينی کەشتی و فڕۆکەی جەنگی و درۆن و کەلوپەلی سەربازی ديکە تەرخانکردووە، ئەوەش بە زۆرترين بودجە دادەنرێت کە بۆ ئەو بوارە تەرخانکراوە لەدوای جەنگی دووەمی جيهانييەوە.

ترەمپ داوای 1.5 ترلیۆن دۆلاری کردووە

دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمريکا داوای 1.5 ترليۆن دۆلاری کردووە بۆ بودجەی بەرگریی وڵاتەکەی لە ساڵی 2027دا، بڕيارە نيوەی ئەو بڕە کە 750 مليارە بۆ کڕينی کەلوپەلی سەربازی تەرخان بکرێت، لەکاتیکدا ئەو بودجەيە بۆ ئەمساڵ يەک ترليۆن دۆلارە.

دروستکردنی لیستی لەسەر داواکارییەکانی ترەمپ

ئاژانسی ڕۆيتەرز ڕايگەياندووە، پنتاگۆن ليستێکی دروستکردووە لەسەر بنەمای داواکارييەکانی ترەمپ بۆ کڕينی ئەو کەلوپەلە سەربازييانەی گرنگن، لەناوياندا بەرگری مووشەکی گۆڵدن دۆم، فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، ژیری دەستکرد، ژێرخانی داتا، بنکەی پیشەسازی بەرگری دەگرێتەوە.

بودجەی کەشتی جەنگی

لەناو بودجەکەدا زیاتر لە 65 ملیار دۆلار بۆ کڕینی 18 کەشتی جەنگی و 16 کەشتی پاڵپشتی لە کۆمپانیای جەنەراڵ داینامیکس و هانتینگتۆن ئینگالز تەرخانکراوە، ئەوەش بە ڕێژەی %46 زياديکردووە بەراورد بە ساڵی پێشوو.

بودجەی فڕۆکەی ئێف35

هەروەها، داواکراوە ساڵانە 85 فڕۆکەی جەنگی ئێف 35 لە کۆمپانيای لۆکهيد مارتن بکڕدرێت و 102 مليار دۆلار بۆ کڕينی فڕۆکە و توێژينەوە و پەرەپێدان تەرخانکراوە، کە بە بەراورد بە ساڵی پێشوو بە ڕێژەی 26% زیادی کردووە.

باسی شەڕی ئێران نەکراوە

لە بودجەکەدا باس لە شەڕی ئێران نەکراوە و داوای هيچ بڕە پارەيەک بۆ ئەو شەڕە نەکراوە، بەرپرسانی پنتاگۆن بە ئاژانسی ڕۆيتەرزيان گوتووە، ئەو پرسە وەک دۆخی لەناکاو ياخود ئۆپراسيۆنی نزيک مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت و ڕەنگە داوای بودجەی جيای بۆ بکرێت.

_