رۆژی چەند جار شیر بە منداڵە ساواکەم بدەم؟
بەگشتی منداڵانی تازەلەدایکبوو، کاتێک برسییان دەبێت، دەستدەکەن بە گریان، ئەمەش ئاماژەیەکە بۆ دایکەکە بۆ ئەوەی شیری پێبدات. جگەلە گریان، منداڵە ساواکە چەند شتێکی دیکە دەکات کە دەکرێت وەکو ئاماژە بۆ برسییەتی ببینرێن، لەوانەش: پەنجەمژین، دەمکردنەوە و زماندەرهێنان. شیرپێدانی منداڵ لە کاتی برسییەتیدا، جۆرێکی شیرپێدانە کە پابەند نییە بە کاتەوە، جۆرێکی دیکەی شیرپێدان پەیوەستە بە کاتەوە و منداڵەکە چەند کاتژمێرێک جارێک شیری پێدەدرێت.
چەند جار شیر بدەم بە منداڵەکەم؟
هەر منداڵێك بەشێوەیەکی جیاواز مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت، بەڵام هەندێک یاسای گشتی هەن یارمەتیی دایک وباوکان دەدەن لە کاتی خۆیدا شیر بدەن بە منداڵەکانیان. شیری دایک و شیری قوتو کاتەکانیان جیاوازە، چونکە شیری دایک زووتر هەرسدەکرێت.
ئەگەر منداڵەکە شیری دایکی خوارد، لەوانەیە 1.5 بۆ سێ کاتژمێر جارێک پێویستی بەوەبێت شیری پێبدرێت. ئەگەر شیری قوتوی خوارد، لەوانەیە دوو بۆ سێ کاتژمێر جارێک پێویستی بە شیرپێدان بێت. تاوەکو منداڵەکە گەورەتر بێت، درەنگتر برسی دەبێت، لە بەرامبەردا بڕێکی زیاتر شیر دەخوات لە هەر ژەمێکدا، ئەمەش بەهۆی ئەوەی قەبارەی گەدەی منداڵەکە گەورەتر دەبێت.
چەند ژمارە شیر بدەم بە منداڵەکەم؟
هەندێک رێنمایی گشتی هەن، بەڵام هیچ یاسایەکی کۆنکرێتی نییە بە وردی بڕی شیرەکە دیاریبکات، ئەمەش لەبەرئەوەی بڕەکە پەیوەستە بە تەمەن و خێرایی گەشەی منداڵەکەوە. هەر ژمارەیەک کە لەسەر بوتڵی شیری منداڵەکە هەیە، ئاماژەیە بۆ ئۆنسێک، کە دەکاتە نزیکەی 30 میلیلیتر.
بەگشتی، بەگوێرەی تەمەنی منداڵەکە، ئەم رێژانە دیاریکراوون:
- تازەلەدایکبوو تاوەکو دوو مانگی: لە هەفتەی یەکەمدا، بۆ هەر شیرپێدانێک نیو ژمارە دەخوات، پاش هەفتەیەک دەبێت بە دوو ژمارە
- دوو بۆ چوار مانگی: چوار بۆ پێنج ژمارە
- چوار بۆ شەش مانگی: چوار بۆ شەش ژمارە، لە کۆتایی شەش مانگیدا دەبێت بە هەشت ژمارە
چ کاتێک خۆراکی دیکە بدەم بە منداڵەکەم؟
ئەکادیمیای ئەمریکیی نەخۆشییەکانی منداڵان، پێشنیاری ئەوە دەکات تاوەکو شەش مانگی، منداڵەکە تەنیا شیری دایکی بخوات، پاش ئەم ماوەیە دەکرێت دەستبکرێت بە پێدانی هەندێک جۆری خۆراک بە منداڵەکە. هەندێک نیشانەی گەشەکردن هەن کە منداڵان پێیدەگەن و دەکرێت لەو رێگەیەوە بزانرێت منداڵەکە ئامادەیە خۆراکی ئاسایی بخوات یان نا، نیشانەکان ئەمانەن:
- دەتوانن ملی خۆیان رابگرن کاتێک دادەنیشێنرێن
- کاتێک خۆراک دەبینن دەمیان دەکەنەوە و دەستی بۆ رادەکێشن
- دەست و یارییەکانیان دەبەن بۆ دەمیان
- کێشیان بۆ دوو هێندەی کێشی لەدایکبوونیان زیادبووە
چ کاتێک منداڵەکەم بەتەواوی خۆراکی ئاسایی بخوات؟
پسپۆڕان دەڵێن لەنێوان 12 بۆ 18مانگیدا، دەکرێت منداڵان خۆراکی ئاساییان پێ بدرێت و چیدیکە شیری دایک یان قوتو نەخۆن، هەندێک نیشانەی گەشەکردن هەن کە دەکرێت ئاماژەبن بۆ ئەوەی منداڵەکە ئامادەیە:
- منداڵەکە زیاتر حەزی لە خۆراکی ئاساییە
- حەزدەکات بە کوپ ئاو بخواتەوە
- کاتێک شیر دەخۆن زۆر دەجووڵێن
14/11/2023