نرخی گۆشت لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان لە بەرزیدا ماوەتەوە
سەرەڕای زیادبوونی ڕێژی باران بارین لەمساڵ، کە بووەتەهۆی زیادبوونی ڕووبەڕی سەوزایی و زیادبوونی سامانی ئاژەڵ لە هەرێمی کوردستان، بەڵام هێشتا نرخی گۆشتی سوور لە بەرزیدا ماوەتەوە بەجۆرێک نرخی کیلۆیەک لە نێوان 20 بۆ 24 هەزار دیناردایە بەگوێرەی جیاوازی جۆرەکەی، بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵی سلێمانیش هۆکارەکەی بۆ ڕاگرتنی هاوردەکردنی دەگەڕێنێتەوە.
هاوردەى ئاژەڵ کەمە
جەمال حسێن، بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵی سلێمانی بە کەناڵ8ـی ڕاگەیاند:" لە مانگی یەک تاوەکو ئێستا تەنیا یەک داواکاری بۆ هاوردەکردنی ئاژەڵی زیندوو هاتووە، کە نزیکەی پێنج هەزار سەر ئاژەڵبووە و تاوەکو ئەم کاتەش نەهاتووە".
ڕێگەکانى هاوردەى ئاژەڵى زیندوو
گوتیشی:" هەرێمی کوردستان لە دوو ڕێگەی سەرەکییەوە دەتوانێت ئاژەڵی زیندوو بۆ سەربڕین هاوردە بکات لەوانە، ترانزێتی وشکانی و گواستنەوەی ئاسمانیی، کە بەهۆی جەنگ لەماوەی رابردوو هەردووکیان ڕاگیراوە".
ئاستى خۆبژێوى
ئەوە لەکاتێکدایە هەرێمی کوردستان بۆ دابینکردنی پێداویستی ناوخۆ بۆ گۆشتی سوور نەگەیشتووەتە ئاستی خۆبژێوی و پشت بە هاوردە دەبەستێت ئەوەشی ئێستا لە بازاڕەکاندایە بەرهەمی دێهات و ئاژەڵدارەکانی ناوخۆیە.
پڕکردنەوەى پێداویستى بازاڕەکان وەک پێویست نییە
سەرباری زۆربوونی پڕۆژەکان و بوونی نزیکەی پێنج ملیۆن سەر ئاژەڵ لە مەڕ و بزن و مانگا و گامێش لە هەرێمی کوردستاندا، هێشتا هەرێمی کوردستان پێویستی بە دەرەوەیە، بەجۆرێک ساڵانە نزیکەی 300 هەزار سەر ئاژەڵ هاوردە دەکرێت بۆ پڕکردنەوەی پێداویستیی بازاڕەکان.
23/04/2026