عەباس ئەکرەم: وەزارەتی خوێندنی باڵا لە کرێی خوێندنی خوێندکارانی چەمچەماڵ خۆشبووە
عەباس ئەکرەم، گوتەبێژى وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بە کەناڵ8ـى ڕاگەیاند" بڕیارى لێخۆشبوون لە کرێی خوێندنی ئەمساڵی خوێندکارانی سنووری شارۆچکەى چەمچەماڵ و ناوچە زیانلێکەوتووەکان وەک خۆى جێبەجێ دەکرێت".
خوێندکار پێویستى بە نووسراو نییە
عەباس ئەکرەم، ڕاشیگەیاند، "ئەم بڕیارە وەک پاڵپشتییەک بۆ خوێندکارانی ئەو ناوچەیە دەرکراوە و هەر خوێندکارێک لەوبارەیەوە گرفتى هەیە پەیوەندیمان پێوە بکات، چونکە لە فەرمانە وەزارییەکەدا جەخت کراوەتەوە بۆ جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە، پێویست نییە خوێندکار هیچ نووسراوێک یان پشتگیرییەک لە لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە پێشکەش بکەن".
سیستمى زانکۆلاین هاوکار دەبێت
گوتیشى، پڕۆسەکە لە ڕێگەی هەماهەنگی نێوان تۆماری گشتی و بەشی دارایی زانکۆکانەوە بەڕێوەدەچێت و لە ڕێگەی سیستمی "زانکۆلاین" و وردبینیکردن لە کۆدی تاقیکردنەوەکان، شوێنی نیشتەجێبوونی خوێندکاران پشتڕاست دەکرێتەوە کە دانیشتووی چەمچەماڵ و ناوچە زیانلێکەوتووەکانن.
بڕیارەکە کێى دیکە دەگرێتەوە؟
گوتەبێژى وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حکومەتى هەرێمى کوردستان ئەوەشى ڕوونکردەوە، ئەگەر خوێندکارێک کارتى نیشتمانى یان دانیشتووى ناوچە زیانلێکەوتووەکانى شارۆچکەى چەمچەماڵ و ناوچەکانى دیکە بێت، بڕیارەکە دەیگرێتەوە.
بڕیارەکەى وەزیرى خوێندنى باڵا
بڕیارەکە لە کاتێکدایە، ئارام محەممەد، وەزیرى خوێندنى باڵا لە پاش ڕووداوى لافاوەکە، سەردانی چەمچەماڵی کرد و وێڕای پێشکەشکردنی هاوکاریی ماددی، ڕایگەیاند، وەزارەتەکەی لە کرێی خوێندنی پارالێل و ئێوارانی ئەو خوێندکارانە خۆش دەبێت کە دانیشتووی چەمچەماڵ و دەوروبەرین.
ڕووداوى لافاوەکە
لافاوەکەى رۆژى 9ـى کانوونى دووەمى 2025 لە شارۆچکەى چەمچەماڵ و شارەدێیەکانى تەکیە و شۆڕش لافاو دروست بوو بەو هۆیەوە زیانى لێکەوتەوە و لەلایەن بۆردى چاودێرى و کۆمیسیۆنى بووژانەوە و فریاکەوتنى چەمچەماڵ زیان لێکەوتووانیش قەرەبووى دارایی کرانەوە.
23/04/2026