کەناڵ8 نوێترین زانیاریی لەبارەى دۆسیەى لاهور شێخ جەنگی بڵاودەکاتەوە

لاهور شێخ جەنگی
لاهور شێخ جەنگی

دوای تەواوکردنی ڕێکارەکانی لێکۆڵینەوە دۆسیەى لاهور شێخ جەنگی و هاوەڵەکانی، دادگای لێکۆڵینەوەی ئاسایشی سلێمانی، دۆسیەکەى ڕەوانەی دادگای تاوانەکانی سلێمانی کردووە.

لە دوو دۆسیەدا تۆمەتبارن

بەگوێرەى زانیارییەکانی کەناڵ8، لاهور شێخ جەنگی و هاوەڵەکانی، لە دوو دۆسیەدا تۆمەتبارن، یەکەمیان بەگوێرەى ماددەی 406 لە یاسای سزادان، دووەمیشیان بەگوێرەى ماددەی 56ـی هەمان یاسایە.

مادەیەکی تایبەتە بە تاوانی کوشتن

ماددەی 406 لە یاسای سزادانی عێراق، تایبەت بە تاوانی کوشتنی ئەنقەست، بەڵام ماددەی 56 لە هەمان یاسا، تایبەتە بە ڕێککەوتنی تاوانکاری بۆ ئەنجامدانی تاوانێک.

هەردوو دۆسیەکە ڕەوانەی دادگای تاوانەکانی سلێمانی کراوە

کەناڵ8 زانیویەتی، بەبڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش، هەردوو دۆسیەکەى لاهور شێخ جەنگی و هاوەڵەکانی، ڕەوانەی دادگای تاوانەکانی سلێمانی2 کراون، بەمەبەستی یەکلاییکردنەوەیان و دەرکردنی بڕیاری کۆتایی.

پێشتر کەمووکوڕی هەبووە لە دۆسییەکەدا

پێشتر دۆسیەکە ڕەوانەی دادگای تاوانەکانی سلێمانی3 کرابوون، بەڵام دوای ئەوەی بەهۆی کەموکوڕی لە لێکۆڵینەوەکاندا، دادگاکە دەستێوەردانی کرد و دووبارە ڕەوانەی دادگای لێکۆڵینەوەی کردەوە بەمەبەستی تەواوکردنی ڕێکارەکان.

دوای گەڕانەوەی دۆسیەی لاهور شێخ جەنگی بۆ دادگای لێکۆڵینەوەی ئاسایش، سەرۆکایەتیی دادگای تێهەڵچوونەوەی سلێمانی، بەبڕیارێکی کارگێڕی، لەپێناو زووتر یەکلاییکردنەوەی دۆسیەکان، بڕیاریدا سەرجەم دۆسیەکانی دادگای لێکۆڵینەوەی ئاسایش بۆ لەمەودا ڕەوانەی دادگای تاوانەکانی سلێمانی2 بکرێن.

زۆرینەی دەستگیرکراوەکان ئازاد کراون

بەگوێرەى زانیارییەکانى کەناڵ8 لە قۆناغى لێکۆڵینەوەدا زۆرینەى دەستگیرکراوان ئازادکراون و ئەوانەى لە هەردوو دۆسیەکەدا ماونەتەوە، ژمارەیان لە 30 کەس کەمترە.