قۆناغى پێنجەمى دابەشکردنى زەوى لە سلێمانى دەستپێدەکات
سەرۆکى شارەوانیى سلێمانى لە کۆنفرانسێکى رۆژنامەوانیدا ئاشکراى کرد تاوەکو کۆتایی ساڵى ڕابردوو چوار قۆناغى دابەشکردنى زەوى ڕاگەیێنراوە و لە مانگى شوباتى ئەمساڵەوە بەچڕى کار لەسەر قۆناغى پێنجەم دەکەن.
بەردەوامی ڕێوشوێنەکانی دابەشکردنی زەوی
لەیلا عومەر راشیگەیاند، لیژنەکان لە مانگى شوباتەوە بە بەردەوامى کار لەسەر ئەم ڕێکارانە دەکەن، "ڕوپێوى، وەرگرتنى وێنەى تۆمار و نەخشەکان و ناردنیان بۆ بەڕێوەبەرایەتى کشتوکاڵ و تاپۆکان". ئاماژەى بەوەشکرد، پاش تەواوکردنى ئەو ڕێکارانە ئەنجوومەن بڕیارى لەبارەوە دەردەکات و لە ڕاگەیاندنەکان بڵاودەکرێتەوە.
دڵنیایی بە فەرمانبەران
سەرۆکى شارەوانیى سلێمانى دەڵنیایی دەدات بە فەرمانبەران ڕێکارەکان زۆر خێراکراون و لە ئایندەیەکى نزیک ژمارەیەک ناوى دیکە بۆ وەرگرتنى زەوى ڕادەگەیێنرێت.
تا ئیستا 25 هەزار کەس سوودمەند بوون لە وەرگرتنی زەوی
لە سلێمانى تاوەکو ئێستا نزیکەى 25 هەزار فەرمانبەر و خانەنشین و کەسوکارى شەهید و زیندانییانى سیاسى زەوییان وەرگرتووە و ژمارەیەکى زیاتر ماوە کە بڕیارى پێدانى زەوییان هەیە و بەهۆى نەبوونى زەوى جیاکراوە تاوەکو ئێستا زەوییان پێنەدراوە.
23/04/2026