جیاوازیی نێوان گێژبوون و سەرەخولێ
هەندێکجار لە باسکردنی نەخۆشیدا، کەسی چارەخواز ناتوانێت بەتەواوی باسی نیشانەکانی بکات، ئەم گرفتە لە هەموو زەمانێکدا هەیە و چەندین نیشانە و ئاماژەی پزیشکی هەن کە بە هەڵە ناونراوون. دوو نیشانە کە دەکرێت بەیەکەوە باسبکرێن، بەڵام لەراستیدا لەیەک جیاوازن، گێژبوون و سەرەخولێن. هەردوو نیشانەکە چەند هۆکارێکی جیاوازیان هەیە، بۆیە گرنگە جیاوازیی نێوانیان بزانرێت.
جیاوازیی سەرەکیی نێوان گێژبوون و سەرەخولێ چییە؟
هەردوو گرفتەکە دەکرێت هاوسەنگیی کەسەکە تێکبدەن. ئەو کەسەی سەری گێژدەخوات کاتێک بەڕێدا دەڕوات، هەستدەکات خەریکە دەکەوێت و هاوسەنگیی جەستەی کەمدەبێتەوە. ئەوانەی سەرەخولێیان هەیە، هەست بەوە دەکەن چواردەوریان دەجوڵێت، هەروەها هەندێک جار ئەو کەسانەی سەرەخولێیان هەیە لەگەڵیدا ئێڵنجدان یان رشانەوەیان هەیە.
گێژبوون ئەو هەستەیە کە هەندێکجار بەهۆی هەستانەوەی خێرای کەسەکەوە روودەدات. سەرەخولێ ئەو هەستەیە کەسێک، پاش ئەوەی چەند جارێک بە چواردەوری خۆیدا دەسووڕێتەوە، هەیەتی.
هۆکارەکانی گێژبوون چین؟
- وشکبوونەوە
- گەرما
- دابەزینی فشاری خوێن
- دابەزینی شەکری خوێن
- کەمخوێنی
- دڵەڕاوکێ
- زەبری مێشک
- خواردنەوەی مەی
- ژەهراویبوون بە یەکەئۆکسیدی کاربۆن
- هەندێک دەرمان
هۆکارەکانی سەرەخولێ چین؟
زۆرجار سەرەخولێ بەهۆی ئەو نەخۆشییانەوە روودەدات کە تووشی گوێی ناوەوە دەبن، کە یەکێک لە فرمانەکانی بیستنە و بەرپرسە لە دروستکردنی ئاماژەی کارەبایی دەنگ و ناردنی ئاماژەکان بۆ مێشک، کارێکی دیکەی راگرتنی هاوسەنگییە. هۆکارێکی دیکەی سەرەخولێ ئەو نەخۆشییانەن کە تووشی مێشک و دڕکەپەتک دەبن. هۆکارە سەرەکییەکانی سەرەخولێ ئەمانەن:
- سەرەخولێی کاتی کە هۆکارەکەی هەندێک ماددەی نێو گوێیە
- نەخۆشیی مینیەر کە تێیدا شلەی نێو گوێ زۆردەبێت
- هەوکردنی دەماری گوێ
- هەوکردنی لولپێچی گوێ
- شەقیقەی گوێ
- جەڵتەی مێشک
- زەبری مێشک
- گرێی مێشک
- نەخۆشیی رەقبوونی دەمارەکان
- هەندێك جۆری دەرمان

کاتی توشبوون بە سەرەخولێ و گێژبوون چی بکەم؟
- پاڵکەوتن: باشترە ئەگەر کەسەکە بتوانێت، پاڵبکەوێت؛ ئەگەر نەیتوانی، دەکرێت دابنیشێت و سەری بخاتە نێوان ئەژنۆکانیەوە
- جوڵان بە ئاگاییەوە: ئەگەر کەسەکە پێویستیکرد بجوڵێت، باشترە دەست بە راگرێکەوە بگرێت
- دووربوون لە هەندێک چالاکی: وەکو شۆفێریکردن و کارە مەترسیدارەکان
- خواردنەوەی ئاو: ئەگەر هۆکارەکەی وشکبوونەوە بێت، دەکرێت بە ئاوخواردنەوە گێژبوون نەمێنێت
کەی سەردانی پزیشک بکرێت؟
باشترە کەسەکە سەردانی پزیشک بکات ئەگەر نیشانەکان:
- بەردەوامبن و دووبارەببنەوە
- کاریگەری لەسەر ژیانی رۆژانەی کەسەکە دروستبکەن
- هیچ نەخۆشی یان هۆکارێکی دیاریکراوویان نەبێت
- هەندێک نیشانەی دیکە لەگەڵ سەرەخولێ یان گێژبووندا بن، وەکو: سەرئێشە، گوێزرنگانەوە، بێهێزی، لێڵبوونی بینین و بوورانەوە
14/11/2023