بۆ هاوینى ئەمساڵ لە عێراق خواست لەسەر کارەبا دەگاتە 60 هەزار مێگاوات

دۆخى کارەباى عێراق لەنێوان دابینکردنى بودجەى زەبەلاح و بەرزبوونەوەى خواستى بەکارهێنان لە وەرزى هاویندا
دۆخى کارەباى عێراق لەنێوان دابینکردنى بودجەى زەبەلاح و بەرزبوونەوەى خواستى بەکارهێنان لە وەرزى هاویندا

لە عێراق بەرهەمهێنانى کارەبا هێشتا لە نیوەى خواست کەمترە، عێراقییەکان هەر لە ئێستاوە دەبێت خۆیان بۆ هاوینێکى سەخت ئامادە بکەن.

قەیرانى درێژخایەن بەردەوامە

دواى 35 ساڵ قەیرانە درێژخایەن و بێ چارەسەکەى عێراق بەردەوامە، هەموو هەوڵ و پلانەکانى حکومەتە یەکلەدوایەکانى عێراق گۆڕانکارییەکى ئەوتۆیان لە دۆخى کارەبادا دروستنەکردووە.

بەرهەم 27 مێگاوات و خواست 60 مێگاوات

بەرپرسانى وەزارەتى کارەباى عێراق لە کۆبوونەوەیەک دا لەگەڵ لیژنەى کارەباى ئەنجوومەنى نوێنەران لەبارەى پلانى دابینکردنى کارەبا بۆ وەرزى هاوینى ئەمساڵ، ئاماژەیان بەوەکردووە، بەرهەمى چاوەڕوانکراو لە نێوان 27 بۆ 29 هەزار مێگاوات دەبێت، لەبەرامبەریشدا پێداویستیی ڕاستەقینە دەگاتە 60 مێگاوات.

کورتهێنانى کارەبا

واتە بۆ ئەم هاوینە عێراق لە بەرهەمهێنانى کارەبادا زیاتر لە 30 هەزار مێگاوات کورتهێنانى دەبێت.

تواناى وێستگەکان سنووردارە

هاوکات ئەحمەد موسا، گوتەبێژى وەزارەتى کارەبا، ڕایگەیاندووە، وەزارەتەکەى دەستیکردووە بە جێبەجێکردنى پلانێکى پێشوەختە بۆ ئامادەکردنى وێستگەکان و تۆڕەکانى گواستنەوە و دابەشکردنى کارەبا بۆ وەرزى هاوین. بەڵام ئێستا وێستگەکان ناتوانن ئەو بڕە کارەبایە بەرهەمبهێنن کە پێویستە بۆ وەرزى هاوین.

گۆڕانکارى لە کاتژمێرەکانى پێدانى کارەبا دەکرێت

گوتەبێژى وەزارەتى کارەبا، دووپاتیکردووەتەوە، وێستگەکان بە تەواوى تواناى کارکردنیانەوە دەتوانن 30 هەزار مێگاوات بەرهەم بهێنن، ئەمەش بەشى خواست لە وەرزى هاوین ناکات و گۆڕانکاریی لە کاتژمێرەکانى پێدانى کارەبا دەبێت و بەگوێرەى خشتەیەک ڕێکدەخرێت.

پڕۆژەى گازى شل

ئەحمەد موسا، ئاشکراشیکردووە، بە خێراییەکى زۆر کار بۆ تەواوکردنى سەکۆى گازى شل دەکرێت و حکومەت یەکى حوزەیرانى دیاریکردووە بۆ وەرگرتنى پڕۆژەکە، ڕوونیشیکردەوە، سەکۆکە دەکەوێتە بەندەرى خۆرزوبێر و ڕۆژانە 500 بۆ 750 ملیۆن پێ سێجا دابین دەکات.

پشتبەستن بە ئێران

هەرچەندە عێراق، خاوەنى 131 ترلیۆن پێ سێجا یەدەگى گازى سروشتییە، بەڵام 40%ـى پێداویستییەکانى لە گازى سروشتى و کارەبا پشت بە ئێران دەبەستێت.

ڕاگیرانى هەناردەى گاز لە ئێرانەوە بۆ عێراق

لە ماوەى جەنگى ئەمریکا و ئیسڕائیل لەگەڵ ئێران، دووجار هەناردەى گازى سروشتیی ئێران بۆ عێراق ڕاگیراوە.

بڕى هەناردەکراوى گازى شل

بەگوێرەى ڕێککەوتنى هەردوو وڵات، دەبێت ئێران ڕۆژانە 50 ملیۆن مەترسێجا گازى سروشتی هەناردەى عێراق بکات، بەڵام ئێستا دابەزیوە بۆ پێنج ملیۆن مەترسێجا. لە پێش جەنگیش دا ڕۆژانە بڕى حەوت ملیۆن مەتر سێجا بووە.

ڕێککەوتن لەگەڵ تورکمانستان

هەروەها وەزارەتى کارەباى عێراق لە 19ـى تشرینى یەکەمى 2024ەوە ڕێککەوتنێکى لەگەڵ تورکمانستان واژۆکرد بۆ هاوردەکردنى 20 ملیۆن مەترسێجا گازى سروشتى ڕۆژانە لە ڕێگەى ئێرانەوە، بەڵام ئەمریکا لە چوارچێوەى سیاسەتى (زۆرترین فشار لەسەر ئێران) ڕەزامەندى لەسەر ڕێککەوتنەکە نەداوە.

فراوانکردنى سەرچاوەى بەرهەمهێنان

عێراق بۆ فرەکردنى سەرچاوەکانى بەرهەمهێنانى کارەبا، دەستیکردووە بە جێبەجێکردنى 15 پرۆژەى بەرهەمهێنانى کارەبا لە وزەى خۆر، کە بڕیارە حەوت هەزار و 500 مێگاوات کارەبا بەرهەم بهێنن.

عێراق بۆ بەرهەمهێنانى کارەبا بەرێژەى 98% بە سوتەمەنى بەردین دەبەستێت، بەگوێرەى داتا فەرمییەکانیش، ساڵانە خەرجییەکانى کارەبا نزیکەى 11 ترلیۆن دینارە، بەڵام داهاتەکەى نزیکەى ترلیۆنێک دینارە.