یوێفا سزای شەش یاری ڕاگرتنی بەسەر پرێستیانیدا سەپاند
بەهۆی ڕەفتاری جیاکاری و ڕەگەزپەرستییەوە، یوێفا سزایەکی توندی بەسەر جیانلوکا پرێستیانیی یاریزانی یانەی بەنفیکا سەپاند و فیدراسیۆنەکە داوا دەکات یاریزانی سزداراو لە مۆندیالدا ڕێگە بە بەشداریکردنی نەدرێت.
لیژنەی کۆنتڕۆڵ و دیسپلینی سەر بە فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەوروپا 'یوێفا'، بە فەرمی سزای ڕاگرتنی بۆ شەش یاری بەسەر جیانلوکا پرێستیانیدا سەپاند.
ئەم بڕیارە دوای ئەوە دێت کە ناوبراو لە یاریی نێوان بەنفیکا و ڕیاڵ مەدرید لە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا، کە لە 17ـی شوباتی ڕابردوو ئەنجامدرا، تۆمەتبار کرا بە "ڕەفتاری جیاکاری و هۆمۆفۆبی" بەرامبەر بە ڤینیسیۆس جونیۆر.
هاوکات، یوێفا داوایەکی فەرمی ئاراستەی "فیفا" کردووە بۆ گشتاندنی سزاکە لەسەر ئاستی جیهانی، ئەمەش وەک هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆ دەبینرێت بۆ بەشداری نەکردنی ئەو یاریزانە لە یارییەکانی مۆندیالی داهاتوو.
کاردانەوەی مۆرینیۆ
جوزێ مۆرینیۆ، ڕاهێنەری یانەی بەنفیکا، سەبارەت بەم پرسە هەڵوێستی توندی نیشاندا و ڕایگەیاند، "ئەگەر بەڵگەی تەواو لەسەر تاوانباربوونی هەبێت، ئەوا کاروانی ئەو یاریزانە لە ژێر سەرپەرشتی مندا کۆتایی پێدێت."
وردەکاری جێبەجێکردنی سزاکە
سزاکەی 'یوێفا' بە چەند قۆناغێک جێبەجێ دەکرێت، کە پێکهاتوون لە:
سزای کردەیی: سێ یاری ڕاگرتنی دەستبەجێ (بە هەژمارکردنی ئەو یارییەی کە پێشتر لە 25ـی شوباتدا بەهۆی ڕاگرتنی کاتییەوە بەشداری نەکردووە).
سزای هەڵپەسێردراو: سێ یارییەکەی دیکە بۆ ماوەی دوو ساڵ دەخرێتە ژێر تاقیکردنەوەوە، ئەگەر یاریزانەکە لەو ماوەیەدا هەمان هەڵە دووبارە نەکاتەوە، سزاکەی تێپەڕ دەبێت.
ئەم بڕیارەی یوێفا و داواکارییەکەی بۆ گشتاندنی سزاكە لەلایەن فیفاوە، ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ سیاسەتی "نا لێبوردەیی" بەرامبەر هەر جۆرە ڕەفتارێکی جیاکاری و ڕەگەزپەرستی لە نێو یاریگاکاندا.
24/04/2026