هانسی فلیک: یامال بۆ مۆندیال ئامادە دەبێت

هانسی فلیک، ڕاهێنەری یانەی بەرشلۆنە دڵنیایی دەداتە هاندەرانی هەڵبژاردەی ئیسپانیا و جەخت لەوە دەکاتەوە، ئەگەر بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ پێکانەکەی لامین یامالدا بکرێت، یاریزانی ناوبراو دەتوانێت بەشداریی مۆندیالی 2026 بکات.

بەگوێرەی ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییەکان، یامال دووچاری پێکانی بەستەری ئەژنۆ بووە کە یەکێکە لە پێکانە هەستیار و مەترسیدارەکان، بۆیە دەبێت بۆ ماوەی چوار تاوەکو پێنج هەفتە پشووبدات، لەو ماوەیەشدا تەواوی یارییەکانی یانەی بەرشلۆنە لە لالیگا لەدەست دەدات.

فلیک دڵنیایی دەدات

هانسی فلیک، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا دڵنایی بە هاندەرانی هەڵبژاردەی ئیسپانیا دەدات و دەڵێت، "پێکانەکەی یامال نە بۆ ئێمە و نە بۆ ئەویش ئاسان نییە، پێویستە بە وریاییەوە مامەڵەی لەگەڵ بکەین و ئەویش دەبێت خۆی لەگەڵ بارودۆخەکە بگونجێنێت، دەبێت وەک ئەزموونێک لێی بڕوانێت."

هەروەها دەڵێت، "دڵنیام بە توانایەکی زیاترەوە دەگەڕێتەوە و دەبێتە پاڵپشتێکی بەهێزتر بۆ بەرشلۆنە، دوای ئەو بەریەککەوتنەی لە یارییەکەدا ڕوویدا، هەستی بە ئازار کرد، بەڵام پێمان وا نەبوو مەترسیدار بێت، بۆیە ڕێگەمان پێدا لێدانی سزاکە جێبەجێ بکات، بەڵام بەداخەوە دوای ئەوە بارودۆخی تەندروستیی خراپتر بوو ئینجا زانیمان پێکانەکە مەترسیدارە، پێشبینی دەکەم بۆ یارییەکانی مۆندیالی ئەم هاوینە بەتەواوی ئامادە بێت."

پزیشکێک هۆشداری دەدات

دکتۆر ڕیپۆل، کە شارەزای پێکانی وەرزشی و زۆرینەی یاریزانە جیهانییەکانە، لەبارەی پێکانەکەی یامالەوە هۆشداری بە دەستەی پزیشکیی یانەی بەرشلۆنە و هەڵبژاردەی ئیسپانیا دەدات و داوایان لێدەکات پەلە لە پڕۆسەی چارەسەردا نەکەن و بەخێراییش نەیخەنە ناو کێبڕکێی بەهێزەوە، چونکە ئەگەری سەرهەڵدانەوەی ڕاستەوخۆی هەیە.

پزیشکەکە بە 'مارکا'ـی گوتووە، "ئەم جۆرە پێکانە هەستیارە بەتایبەت بۆ یاریزانە گەنجەکان، دوای چارەسەربوونیش بەڕێژەی 30 لەسەد ڕاستەوخۆ ئەگەری دووبارەبوونەوەی هەیە، بۆیە لەکاتی بەشداریکردنی لە مۆندیالدا دەبێت هەنگاو بە هەنگاو تێکەڵ بە کێبڕکێکان بکرێت."