ئیتاڵییەکان خەون بە گواردیۆلاوە دەبینن
لیۆناردۆ بۆنۆچی، ئەستێرەی پێشووی هەڵبژاردەی ئیتاڵیا، پێشنیازی هێنانی پیپ گواردیۆلا دەکات وەک هەنگاوێکی بنەڕەتی بۆ سەرلەنوێ بنیادنانەوەی هەڵبژاردەی ئیتاڵیا.
دوای شکستی ئیتاڵیا لە گەیشتن بە مۆندیالی 2026 بۆ جاری سێیەم لەسەریەک، بۆنۆچی لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، "ئەگەر ویستێکی ڕاستەقینە بۆ دەستپێکردنەوە لە سفرەوە هەبێت، دەبێت هەوڵ بۆ هێنانی گواردیۆلا بدرێت، چونکە تەنیا ئەوە بە واتای گۆڕانکارییەکی ڕادیکاڵی دێت لە هەڵبژاردەی وڵاتەکەمدا."
بۆچی گواردیۆلا و ئیتاڵیا؟
پەیوەندییەکی دێرین: گواردیۆلا خاوەنی پەیوەندییەکی بەهێزە لەگەڵ ئیتاڵیا، پێشتر وەک یاریزان لە یانەکانی بریشیا و ڕۆما یاریی کردووە و تاوەکو ئێستاش بەردەوام سەردانی ئەو وڵاتە دەکات.
کۆتایی سەردەمی مانچێستەر سیتی: دەنگۆی ئەوە هەیە کە گواردیۆلا دوای ساڵانێکی زۆر لە مانچێستەر سیتی، بەدوای ئاڵنگارییەکی نوێدا بگەڕێت، بەتایبەت لە ئاستی هەڵبژاردەکاندا کە کاتی زیاتری بۆ پلاندانان پێدەدات.
ڕێگرییەکان: گەورەترین بەربەست لەبەردەم ئەم خەونەدا لایەنی داراییە، چونکە مووچەی ساڵانەی 'پێپ' دەگاتە نزیکەی 25 ملیۆن یۆرۆ، جگە لەوەی هێشتا ساڵێکی دیکە لە گرێبەستەکەیدا ماوە.
بڕیاری کۆتایی سەبارەت بە ڕاهێنەری نوێی ئیتاڵیا بۆ دوای هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەو وڵاتە لە 22ـی حوزەیران دوادەکەوێت، کە تیایدا ناوی گواردیۆلا لەپاڵ ئەنتۆنیۆ کۆنتی و ماسیمیلیانۆ ئالێگری وەک بژاردەیەکی خەونئامێز دەبینرێت.
24/04/2026