ڤیتێل هێرش دەکاتە سەر یاسا نوێیەکانی فۆرمۆلا وەن: "کێبڕکێیەکی بێ چێژە"

سباستیان ڤیتێل، شۆفێر و پاڵەوانی پێشووی فۆرمۆلا وەن، بە توندی ڕەخنە لە یاسا تەکنیکییەکانی ساڵی 2026 دەگرێت و هۆشداری دەدات لە لاوازکردنی ئەم وەرزشە.

ڤیتێل کە خاوەنی چوار نازناوی جیهانییە، لە لێدوانێکدا پاڵپشتی خۆی بۆ ناڕەزایەتییەکانی شۆفێرانی ئێستا دەربڕی و ڕایگەیاند، "تێگەیشتنم بۆ ڕەخنەکان هەیە، پێشبڕکێکردن بەم یاسایانە چێژبەخش نییە، مەترسی ئەوە هەیە جەوهەری وەرزشەکە کە بریتییە لە ململانێی خێراترین شۆفێر، لە پێناو نمایشێکی دەستکرددا بکرێتە قوربانی."

ڕکابەرییەکان بێبابەخ دەبن

ڤیتێل هاوڕایە لەگەڵ هێلموت مارکۆ و پێیان وایە سیستمی نوێی وزە و پاتری، ڕکابەرییەکان بێبایەخ دەکات، تەنانەت ژمارەی تێپەڕاندنی شۆفێران لە یەکدی زیادتر دەکات و شتێک نامێنێت بەناوی ئەفسانەکانی خێرایی و ئەوانەی ژیری و توانای هزرییان بەهێزترە، چونکە ئوتۆمبێلێک کار بە پاتری بکات ئەگەر پاترییەکەی بارگاویتر بێت ڕەنگە تێپەڕاندنی ئەفسانەیەک بۆی کە پاترییەکەی لاوازترە ئاسان بکات.

سباستیان ڤیتێل، ئەفسانەی فۆرمولا وەن و شۆفێری پێشووی ڕێدبوڵ و فێراری

مارکۆ لەم بارەیەوە گوتوویەتی، "تێپەڕاندنی ئۆتۆمبێلێک تەنیا بەهۆی خاڵیبوونی پاترییەکەیەوە، تێپەڕاندنێکی ڕاستەقینە نییە."

لە کۆتاییدا ڤیتێل جەخت لەوە دەکاتەوە، کە جۆش و خرۆشی شۆفێرەکان بڕبڕەی پشتی وەرزشەکەیە و ئەگەر یاسا نوێیەکان ئەو گوڕوتینە بکوژن، هاندەرانیش سارد دەبنەوە.

ئەم لێدوانانەی ناوبراو لە کاتی وەرگرتنی خەڵاتی دامەزراوەی 'پێرفێکت وۆرد'دا بوو کە لە وڵاتی سوید سازکرا و تایبەت بوو بە چالاکییە ژینگەییەکان.