نرخى پلاستیک لە جیهان 50% بەرزبووەتەوە
داخستنی گەرووی هورمز و پەککەوتنی کارگە پترۆکیمیاییەکانی ناوچەکە، بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی پێوانەیی نرخی پلاستیک لە بازاڕەکانی جیهان و هەرێمی کوردستان، ئەمەش کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر تێچووی بەرهەمهێنان و نرخی کەلوپەلەکان دروست کردووە.
بەرزبوونەوەی 50%ـی نرخی پلاستیک لە جیهاندا
بەهۆی داخستنی گەرووی هورمز و جەنگی ئێران، دابینکردنی کەرەستە پترۆکیمیاییە سەرەکییەکان پەکیکەوتووە، ئەمەش نرخی پلاستیکی لە ئاستی جیهانیدا بە ڕێژەی 50% بەرزکردووەتەوە. بەو پێیەی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست زیاتر لە 40%ـی هەناردەی کەرەستە سەرەتاییەکانی جیهان دابین دەکات، پەککەوتنی کەشتیوانی بووەتە هۆی کەمیی کەرەستەی خاو و بەرزبوونەوەی تێچووی بەرهەمهێنانی پلاستیک. ئاژانسی ڕۆیتەرز ئاماژەی بەوە کردووە کە ساڵانە بە بەهای 20 بۆ 25 ملیار دۆلار بەرهەمی پترۆکیمیایی بەو گەرووەدا تێدەپەڕێت.
زیادبوونی تێچووی تۆنێک پلاستیک بۆ 1800 دۆلار
ڕاپۆرتە ئابوورییەکان باس لەوە دەکەن کە نرخی کەرەستە سەرەتاییەکانی پلاستیک لە هەندێک شوێن تاوەکو 80% زیادی کردووە. هۆکاری ئەمە بۆ پچڕانی زنجیرەی دابینکردن و بەرزبوونەوەی تێچووی نەوت دەگەڕێتەوە. بەهۆی ئەم فشارانەوە، نرخی یەک تۆن پلاستیک لە 1100 دۆلارەوە بۆ زیاتر لە 1800 دۆلار بەرزبووەتەوە، ئەمەش بارگرانییەکی گەورەی دارایی بۆ کارگەکان و بەکارهێنەرانی ئەو ماددەیە دروست کردووە.
کاریگەریی قەیرانەکە لەسەر بازاڕەکانی هەرێم و عێراق
لە هەرێمی کوردستان و عێراق، نرخی پلاستیک بە ڕێژەیەکی بەرچاو زیادی کردووە. جگە لە گرانبوونی نرخ لە بازاڕە جیهانییەکان، جێبەجێکردنی سیستەمی "ئەسیکۆدا"ی عێراقی هێندەی دیکە تێچووەکەی بۆ بازرگانان گران کردووە. کارگەکانی بەرهەمهێنانی ئاوی بوتڵ یەکێکن لەو سێکتەرانەی خێراترین کاریگەرییان بەرکەوتووە، بەجۆرێک یەک کارتۆن ئاوی پەرداخ کە پێشتر لە مارکێتەکاندا بە 1500 بۆ 1750 دینار بووە، لە ئێستادا نرخەکەی 500 دینار زیادی کردووە.
پەککەوتنی کارگەکانی ئێران و گرانبوونی ماددەی خاو
شێخ حەبیب، خاوەنی کارگەی دروستکردنی کیسەی خۆڵ لە سلێمانی ڕایگەیاند، پێشتر زۆرترین بڕی پلاستیک بە نرخی هەرزان لە ئێرانەوە هاوردە دەکرا، بەڵام بەهۆی بەرکەوتنی کارگەیەکی پترۆکیمیایی لەو وڵاتە بەهۆی جەنگەوە، نرخەکان لە ناوخۆی ئێراندا 100% بەرزبوونەتەوە. ناوبراو ئاشکرای کرد کە پێشتر تۆنێک پلاستیک بە 1000 دۆلار بووە و ئێستا گەیشتووەتە 2000 دۆلار. هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە وڵاتانی چین، سعوودیە و ئیماراتیش ماددەی خاو دابین دەکەن، بەڵام ئێران پێشتر لە ڕووی نرخ و کوالێتییەوە کێبڕکێکاری سەرەکی بووە.
25/04/2026