د. هەڵۆ مستەفا: بە ئەم نیشانانە بزانە گورچیلەکانت لە مەترسیدان!

وێنەی گۆڕانی ڕەنگی میز
وێنەی گۆڕانی ڕەنگی میز


گورچیلەکان پاڵێوەری جەستەن، واتە  شلەکانی جەستە دەپاڵێون پێش کردنە دەرەوەیان لە جەستە، کاتێک گورچیلەکان بە باشی کار ناکەن، ژەهر لە خوێندا کۆدەبێتەوە، د. هەڵۆ مستەفا،
 پسپۆڕی نەخۆشییەکانی گورچیلە و میزەڕۆ،  چەند نیشانەیەکی بوونی نەخۆشییەکانی گورچیلە بۆ هاونیشتمانییان ڕوون دەکاتەوە.

'' پێویستە هاونیشتمانییان ئەم پێنج نیشانەیە بەهەند وەربگرن''

پزیشکە پسپۆڕەکە دەڵێت '' پێویستە هاونیشتمانییان ئەم پێنج نیشانەیە بەهەند وەربگرن'' لەوانە:

ئاوسانی دەست، پێ و چاو

کاتێک گورچیلەکان ناتوانن شلەی زیادە بکەنە دەرەوەی جەستە، ئاو لە جەستەدا کۆدەبێتەوە و دەبێتە هۆی ئاوسانی جەستە، بەتایبەت لە دەوروبەری چاو و قاچەکان

    گۆڕانی ڕەنگی میز و شێوازی میزکردن 


    ئەگەر ڕەنگی میزەکە زۆر کاڵ، زۆر تۆخ (بە خوێنەوە) بوو، یان ئەگەر بە شەوان کەسەکە زۆر هەڵبستێت لە خەو بۆ میزکردن، ئەمە دەکرێت نیشانەی بوونی گرفت بێت لە گورچیلەدا

    ماندوێتی بەردەوام و بێهێزی 

    کەمیی خوێن (ئەنیمیا) کە بەهۆی بوونی نەخۆشیی گورچیلەوە دروست دەبێت، دەبێتە هۆی ئەوەی هەمیشە کەسەکە هەست بە ماندوێتی و بێهێزی بکات، چونکە جەستەی کەسەکە بڕی پێویست ئۆکسجینی پێویستی پێ ناگات

      ئازاری بەشی خوارەوەی پشت 


      هەرچەندە ئازاری پشت زۆر هۆکاری هەیە، بەڵام ئازاری بەردەوام و قووڵ لە بەشی خوارەوەی پشت (بە تایبەت یەک لایان)، دەکرێت پەیوەندیی بە بەردی گورچیلە یان هەوکردنی گورچیلەوە هەبێت

        هەستکردن بە دڵ تێکەڵهاتن و نەمانی ئارەزووی خواردن

        کۆبوونەوەی ژەهر لە خوێندا بەهۆی لاوازی گورچیلە، دەبێتە هۆی ئەوەی کەسەکە هەست بە دڵ تێکەڵهاتن بکات و کەسەکە هیچ ئارەزووییەکی بۆ نان خواردن نەمێنێت