یانەکانى کوردستان لەم گەڕەى خولى ئەستێرەکانى عێراق

ئەمڕۆ یەکشەممە یارییەکانى گەڕى 31ـى خولى ئەستێرەکانى عێراق دەستپێدەکات و سبەى دوو شەممە سێ یانەى کوردستانى یاریی دەکەن .

نەورۆز یاریی لوتکە ئەنجام دەدات
یانەى نەورۆز، ئەم وەرزە ریزبەندیی نۆیەمى خولەکەى گرتووە سبەى دووشەممە لە یاریگاى خۆیدا، میوانداریی یانەى قوەجەویەى پێشەنگى خولەکە دەکات و ئامانجى نوێنەرەکەى شارى سلێمانى ڕاگرتنى جەویەیە لە سەرکەوتن و شکاندنى ریکۆردەکەى یانەکەى پێشەنگە.

هەولێر ئەرکى ئاسان نابێت
یانەى هەولێرى سێیەمى ڕیزبەندیی خولەکە دواى یەکسانبوونى یارییەکەى گەڕى ڕابردوو بەرامبەر جەویە، سبەى دەبێتە میوانى تەڵەبە، یانەى میوانداریش ململانێیى هەولێر دەکات تاوەکو بگاتە چوارگۆشەى زێرینى خولەکە، بۆیە هەولێر دەیەوێت لەم یارییە بە کەمترین زیان بێتە دەرەوەى یاریگا.

دهۆک بە ئازارەوە لە نەجەفە
یانەى دهۆک ئەم وەرزە لە خراپترین ئاستەکانییەتى، لە دەرەوەى یاریگاى خۆیدا، دەبێتە میوانى یانەى نەجەف کە ئەم یانەیەش لە ریزبەندیی پێش کۆتایی خولەکەیە.

زاخۆ میوانى نەفتە
یانەى زاخۆ، ئەم گەڕە لە دەرەوەى یاریگاى خۆیدا لە شارى بەغداد دەبێتە میوانى نەفت، زاخۆ پێش ئەم یارییە لە پلەى حەوتەمە، نەفت لە پلەى یانزەیەمى ڕیزبەندییە.