50 هەزار کەس سەردانى فێستیڤاڵى گیا بەهارییەکانى خورماڵیان کردووە

دیمەنێکی فێستیڤاڵی گیا بەهارییەکان لە پارکی گشتی خورماڵ
دیمەنێکی فێستیڤاڵی گیا بەهارییەکان لە پارکی گشتی خورماڵ

ئەمین حاجی زەڵمی، سەرپەرشتیاری شەشەمین فێستیڤاڵی گیا بەهارییەکان لە شارۆچکەی خورماڵ بە کەناڵ8ـى ڕایگەیاند، لە سێ ڕۆژى فێستیڤاڵى گیا بەهارییەکان لە شارۆچکەى خورماڵ 50 هەزار کەس سەردانیان کردووە.

بڕی داهاتی فێستیڤاڵەکە

ئەمین حاجی زەڵمی ڕاشیگەیاند، لە پارکی گشتیی خورماڵ 120 کەپر بۆ کاسبکاران دابینکرا و لەو ڕێگەیەوە گیا بەهارییەکان بە هاونیشتمانییان و گەشتیاران و سەردانیکەران فرۆشراون، کە بەهاى فرۆشتنى گیا بەهارییەکان لەماوەى سێ رۆژى فێستیڤاڵەکەدا گەیشتووەتە زیاتر لە 250 ملیۆن دینار.

بەراورد بە ساڵی ڕابردوو

ئەوەشى خستەڕوو، فرۆشتنى گیا بەهارییەکان لە فێستیڤاڵی ئەمساڵ بەراورد بە ساڵانى ڕابردوو دوو هێندە زیاتر بووە.

فڕۆشتنی کەلوپەلی دیکە

باسی لەوەشکرد، بێجگە لەوەى 120 کەپریان بۆ فرۆشتن و خستەڕووى گیابەهارییەکان داناوە، زیاتر لە 40 شوێنى دیکە بۆ فرۆشتنى کەلوپەلى گەشتیارى خواردن و خواردنەوەکان دانرابوون کە ئەوانیش ڕێژەى فرۆشتنیان زۆر باش بووەو هیچ یەکێکیان بەبەهاى 500 هەزار دینار ڕۆژانە کەمترى نەبووە.

سێ ڕۆژ بەردەوام بووە

ڕۆژى پێنجشەممە شەشەمین فێستیڤاڵی گیا بەهارییەکان لە شارۆچکەی خورماڵ دەستیپێکرد و تاوەکو ئێوارەی ڕۆژی شەممە 25ـى نیسان بەردەوام بوو.

10 بۆ 15 جۆری گیای بەهاری خرانەڕوو

لەم فێستیڤاڵەدا 10 بۆ 15 جۆر گیای بەهاری لەلایەن کاسبکارانەوە خرانەڕوو، کە پێکهاتوون لە گەبڵە، ڕێواز، گیلاخە، بەڕەزا، پیچک، ڕووسقە، پسڵ، کنگر، قارچک و سوورەبنە.