زێلێنسکی لە یادی چێرنۆبڵدا: ڕووسیا ناچار بکرێت هێرشەکانی ڕابگرێت
ڤۆڵۆدیمێر زێلێنسکی، لە یادی 40 ساڵەی کارەساتی ئەتۆمی چێرنۆبڵ، ڕایگەیاند، پێویستە هێرشەکانی ڕووسیا ڕابگیرێت، ئەگەر وانەبێت، دیسانەوە جیهان تووشی کارەساتێکی دیکە دەبێتەوە.
مەترسی لە وێستگەی ئەتۆمی چێرنۆبڵ
ڤۆڵۆدیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس، ئەمڕۆ بڵاویکردووەتەوە، کە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ڕووسیا بە بەردەوامی بەسەر چێرنۆبڵدا تێدەپەڕن و ساڵی ڕابردوو دانەیەکیان بەر بەرگە پارێزەرەکەی کەوتووە.

داوایەک لە جیهان
گوتیشی، پێویستە جیهان ڕێگە نەدات ئەم تیرۆرە ئەتۆمییە بەردەوام بێت، باشترین ڕێگەش ئەوەیە ڕووسیا ناچار بکرێت هێرشە بێباکانەکانی ڕابگرێت.
مەترسی تێشکدانەوە هەیە
سەبارەت بە زیانەکانی بەرگە پارێزەرەکە، گرووپی ژینگەیی "گرینپیس" دەڵێت مەترسی دزەکردنی تیشکدەرەوە زیاد دەکات، بەپێی وتەی گرینپیس، هەر چاککردنەوەیەک لە پێکهاتە ئاسنینە دەرەکییە زەبەلاحەکەدا، کە ڕەنگە تا چوار ساڵ بخایەنێت.
هەروەها گرۆسی گوتی: چاککردنەوەکان دەبێت زووتر دەستپێبکەن و هێشتنەوەی دۆخەکە بەم شێوەیەی ئێستا کێشەدارە.
ئاژانسی ئەتۆمی ڕووسیا چی دەڵێت؟
ئاژانسی ئەتۆمی ڕووسیا (ڕۆساتۆم)، کە جێگرەوەی وەزارەتی وزەی ئەتۆمی سۆڤیەتە و کە لە ڕابردوو بەڕێوەبردنی دامەزراوەکەی لەدەست بووە، ڕایگەیاند: یادکردنەوەی چێرنۆبڵ واتە یادکردنەوەی ئەو کەسانەی کە قوربانیی سەرەکی کارەساتەکە بوون و ڕەچاوکردنی ئەو ئەزموونە لە هەر بڕیارێکدا کە ئەمڕۆ دەیدەین، بۆ ڕێگریکردن لە کارەساتێکی هاوشێوە.

وێستگەی ئەتۆمی زاپۆریژیا لە دۆخی کوژانەوەدایە
ڕۆساتۆم دەستی بەسەر وێستگەی زاپۆریژیا لە ئۆکرانیا گرتووە، کە گەورەترین کۆمەڵگەی تیشکدەری ئەتۆمی مەدەنییە لە ئەوروپا، ئەمەش دوای ئەوەی لە سەرەتای داگیرکارییەکەدا لەلایەن ڕووسیاوە کۆنترۆڵکرا. وێستگەکە ئێستا لە دۆخی کوژانەوەدایە، بەڵام مۆسکۆ و کیێڤ چەندین جار یەکتر تۆمەتبار دەکەن بە بە ئامانجگرتنی وێستگەکە لە کاتی ململانێکاندا، ئۆکرانیاش داوای سزای سەر ڕۆساتۆمی کردووە.
ژمارەی وێستگەی ئەتۆمییەکانی ئۆکرانیا
بە زاپۆریژیاوە، ئۆکرانیا خاوەنی چوار وێستگەی وزەی ئەتۆمییە، کە زۆر گرنگن بۆ دابینکردنی کارەبای وڵاتەکە.
تەقینەوەکەی ساڵی ١٩٨٦ی چێرنۆبڵ خراپترین کارەساتی ئەتۆمی مەدەنی بوو لە مێژوودا و تێڕوانینی جیهانی بۆ وزەی ئەتۆمی گۆڕی.
زیانە گیانییەکان
خەمڵاندنەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە هەزاران کەس بەهۆی بەرکەوتنی تیشکەوە گیانیان لەدەستدابێت، هەرچەندە نرخاندنەکان بۆ ژمارەی وردی قوربانییەکان جیاوازن.
لە پرۆسەی پاککردنەوەدا، نزیکەی ٦٠٠ هەزار کەس کە بەشداربوون لە پرۆسەی پاککردنەوەدا بەر ئاستێکی بەرزی تیشک کەوتوون.
ناوچەی قەدەغەکراو
سەدان هەزار کەسی دیکەش بەهۆی پیسبوونی تیشکدەرەوە شوێنەکانی خۆیان چۆڵکردووە. ناوچەی دەوروبەری وێستگەکە بووەتە ناوچەیەکی قەدەغەکراو، کە شارۆچکە و کێڵگە و دارستانە چۆڵکراوەکانی تێدایە. بە گشتی، کارەساتەکە بووە هۆی ئەوەی ناوچەیەکی بەرفراوان لە باکووری ئۆکرانیا و باشووری بیلاڕووس بە کردەیی بۆ ژیان شیاو نەبن.
مۆسکۆ و کیێڤ پێش مەراسیمەکانی یادکردنەوەکە هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیان کردووەتە سەر یەکدی، کە بووە هۆی کوژرانی هاووڵاتیانی مەدەنی لە هەردوو وڵاتدا. بەرپرسانی ئۆکرانیا ڕایانگەیاندووە، هێرشە شەوانەکانی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا بووەتە هۆی کوژرانی پێنج کەس و برینداربوونی لانیکەم چوار کەسی دیکە.
لەلایەکی دیکەوە، دەسەڵاتدارانی ناوخۆیی ڕایانگەیاندووە، لە نیمچە دوورگەی کریمیا، چوار کەس لە ئەنجامی هێرشی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئۆکرانیا کوژراون، لە هەمان کاتدا، لە شاری دنیپرۆ لە ناوەڕاستی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا نۆ کەسی دیکە بەهۆی ئەو هێرشانەوە کوژراون.
26/04/2026