لە واشنتنەوە تا تۆکیۆ؛ جیهان لەبەردەم هەفتەیەکی چارەنووسساز و بومەلەرزەیەکی دارایی نوێدایە

دیمەنێک لە بۆرسەی تۆکیۆ
دیمەنێک لە بۆرسەی تۆکیۆ

هەفتەیەکی چارەنووسساز لەبەردەم بانکە گەورەکانی جیهاندایە و بڕیارە زیاتر لە 5 وڵات لە نێوان ویستی سیاسی و داتا ئابوورییەکاندا بڕیاری یەکلاکەرەوە لەسەر ڕێژەی سوودی بانکی بدەن.

خشتەی کۆبوونەوەی بانکە ناوەندییەکان

لەگەڵ کردنەوەی بازاڕە داراییەکان لە ئەمڕۆ دووشەممە 27ی نیسان، بانکەکانی واشنتۆن، ئۆتاوا، لەندەن، فرانکفۆرت و تۆکیۆ ئامادەکاری بۆ گۆڕانکاری لە سیاسەتی دراودا دەکەن. بانکی ژاپۆن ڕۆژی سێشەممە کۆدەبێتەوە، بانکی فیدراڵی ئەمریکا و بانکی کەنەدا ڕۆژی چوارشەممە بڕیار دەدەن، هەروەها بانکەکانی ئینگلتەرا و ناوەندیی ئەوروپا ڕۆژی پێنجشەممە بڕیاری کۆتایی لەسەر ڕێژەی سوود ڕادەگەیەنن.

دواین بڕیاری جیرۆم پاوڵ لە پۆستەکەیدا

ئەم هەفتەیە بۆ جیرۆم پاوڵ، سەرۆکی بانکی فیدراڵیی ئەمریکا هەستیارە، چونکە ئەمە دەبێتە دواین کۆبوونەوە و بڕیاری ئەو دەربارەی ڕێژەی سوود پێش کۆتاییهاتنی وادەی کارکردنی لە ناوەڕاستی مانگی ئایاردا. پاوڵ کە لەلایەن وەزارەتی دادەوە لە دوو دۆسیەی پەیوەست بە گەندەڵی و دەستوەردانی سیاسی پاککرایەوە، ئەگەر هەڵنەبژێردرێتەوە، ناتوانێت لە بڕیارەکانی مانگی حوزەیراندا بەشدار بێت.

ململانێی نێوان داتاکان و ویستی وڵاتانی گرووپی 7

بڕیارە لە 28 و 29ی ئەم مانگەدا یەدەگی فیدراڵی بڕیارێک بدات کە کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر نرخی زێڕ و هەڵاوسان دەبێت. بازرگانان بەهۆی گرانبوونی کاڵاکان گرەو لەسەر بەرزکردنەوەی ڕێژەی سوود دەکەن، بەڵام وڵاتانی گرووپی 7 (G7) دەیانەوێت ڕێژەکە بە جێگیری بمێنێتەوە تاوەکو قازانجی بانکەکان کەمتر بۆ سەرمایەداران بڕوات و بگەڕێتەوە بۆ حکومەتەکان.

گەرووی هوورمز و قەیرانی سووتەمەنی

پسپۆڕانی ئابووری ئاماژە بەوە دەکەن کە دۆخی ئێستای بانکەکان هاوشێوەی ساڵی 2022یە، بەڵام جیاوازییەکە ئەوەیە ئێستا قەیرانەکە لە دابینکردنی سووتەمەنیدا چڕبووەتەوە. داخستنی گەرووی هوورمز وەک خاڵی خنکاندنی وزەی جیهانی، بووەتە هۆکاری سەرەکیی تێکچوونی هاوسەنگییە ئابوورییەکان و بڕیاری بانکەکان لەژێر کاریگەریی ڕاستەوخۆی ئەم گرژییە جیۆپۆلیتیکییەدا دەبێت.

بەربژێری نوێ و پاراستنی سەربەخۆیی بانک

ئیستێل ئاو، پسپۆڕی ئابووری لە بلومبێرگ ئیکۆنۆمیکس پێشبینی دەکات بانکەکان ڕێژەی سوود بە جێگیری بهێڵنەوە. هاوکات هەموو چاوەکان لەسەر کورسییەکەی پاوڵە و کێڤن وارش وەک بەربژێری دڵخوازی دۆناڵد ترەمپ بۆ ئەو پۆستە دەبینرێت. وارش سوێندی یاسایی خواردووە کە تەنیا لەسەر بنەمای داتا و شیکارییەکان بڕیار بدات و سەربەخۆیی بانکی فیدراڵی لە هەژموونی سیاسی بپارێزێت.