نەخشەی سامانی ئاژەڵ لە هەرێمی کوردستان؛ تێربوونی بازاڕ لە مریشک و هێڵکە و کورتهێنان لە گۆشتی سوور
ئامارە نوێیەکانی سامانی ئاژەڵ و پەلەوەر دەریدەخەن کە هەرێمی کوردستان لە کەرتی پەلەوەردا نەک تەنها تێربووە بەڵکو بەرهەمی زیادەشی هەیە، بەڵام بۆ گۆشتی سوور تەنها 50%ـی پێداویستییەکان دابین دەکات.
دابەشبوونی پڕۆژەکانی سامانی ئاژەڵ
بەپێی داتاکانی وەزارەتی کشتوکاڵ، لە هەرێمی کوردستان 5,000,000 سەر ئاژەڵ لە جۆرەکانی مەڕ، بزن، مانگا و گامێش هەن. زۆرترین پڕۆژەی ئاژەڵداری لە پارێزگای هەولێرە کە 129 پڕۆژەیە، دوای ئەویش دهۆک بە 82 پڕۆژە و سلێمانی و هەڵەبجە بە 60 پڕۆژە دێن. سەرباری ئەم پڕۆژانە، هەرێمی کوردستان ساڵانە پێویستی بە هاوردەکردنی 300,000 سەر ئاژەڵ هەیە بۆ پڕکردنەوەی پێداویستی بازاڕەکان.
گەشەی کەرتی پەلەوەر و هێلکە
لە کەرتی پەلەوەردا کۆی گشتی 2,111 پڕۆژەی مریشک، هێلکە و هەڵهێنان هەن. پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە خاوەنی زۆرترین پڕۆژەن کە 1,032 پڕۆژەیە، دوای ئەوانیش هەولێر بە 700 پڕۆژە و دهۆک بە 379 پڕۆژە دێن. بەرهەمی مریشک گەیشتووەتە 150%ـی پێداویستی ناوخۆ و هەرێمی کوردستان لەم بوارەدا زیادەی بەرهەمی هەیە و گەیشتووەتە ئاستی خۆبژێوی.
ئامارەکانی بەرهەمهێنانی ماسی
ئێستا لە هەرێمی کوردستان 420 پڕۆژەی ماسی لە جۆرەکانی حەوزی خۆڵی، کۆنکرێتی و قەفەز هەن کە ساڵانە توانای بەرهەمهێنانی زیاتر لە 3,400 تۆن ماسییان هەیە. پارێزگای هەولێر بە 186 پڕۆژە لە پلەی یەکەمدایە، سلێمانی و هەڵەبجە بە 175 پڕۆژە و دهۆک بە 59 پڕۆژە لە پلەکانی دواتردا دێن. ئەگەر گرفتەکان چارەسەر بکرێن، هەرێم دەتوانێت 60%ـی پێداویستیی ماسی ناوخۆ پڕ بکاتەوە.
ئاستی خۆبژێوی و پشکی تاک
بەپێی داتاکان، گۆشتی سوور تەنها 50% بۆ 55%ـی پێداویستی ناوخۆ پڕ دەکاتەوە و پشکی هەر تاکێک ساڵانە 14.5 کیلۆگرامە. لە بەرامبەردا لە گۆشتی مریشکدا هەرێم گەیشتووەتە خۆبژێوی تەواو و پشکی هەر تاکێک ساڵانە 25 بۆ 30 کیلۆگرامە. بۆ ماسی، پشکی هەر تاکێک ساڵانە نزیکەی 3 کیلۆگرامە.
27/04/2026