قایمقامی نوێی کەرکووک: دەبینە خزمەتکاری هەموو کەرکووکییەکان بەبێ جیاوازی

پاش ئەنجامدانی گۆڕانکارییە ئیدارییەکان لە پارێزگای کەرکووک، ئەمڕۆ ژمارەیەک پۆستی ئیداری لە کەرکووک ئاڵوگۆڕ کرا و هەریەک لە قایمەقامی نوێی ناوەندی کەرکووک و قایمقامی داقووق و قایمقامی قەرەهەنجیر دەستبەکاربوون. قایمقامی نوێی کەرکووکیش لە لێدوانێکیدا بۆ کەناڵ8، بەڵێنی خزمەتکردنی زیاتر بە شارەکە دەدات.

دەستبەکاربوون و سوێندی یاسایی

ئەمڕۆ لەچوارچێوەی گۆڕانکارییە ئیدارییەکاندا ئەمڕۆ ئاڤێستا شێخ محەممەد لەبری فەلاح یایچی لە پێکهاتەی تورکمان، لەپاش سوێند خواردنی یاسایی، بەفەرمی وەک قائیمقامی ناوەندی کەرکووک دەستبەکاربوو.

قایمقامە نوێکانی داقوق و قەرەهەنجیر دەستبەکاربوون

هاوکات هەر ئەمڕۆ هەریەک لە پۆستی قایمقامی شارۆچکەی داقووق ئاڵوگۆڕی تێداکرا و عەدنان حوسێن لەبری سەراجەدین نازم دەستبەکاربوو و پۆستەکە درایەوە بە کورد.  هەروەها پۆستی قایمقامی قەرەهەنجیر لە ئاڤێستا شێخ محەممەدەوە درا بە ئاوارە شێخ ئەحمەد و ئەو وەک قامیقامی قەرەهەنجیر دەستبەکاربوو.

پەیام بۆ کەرکووکییەکان و بەڕێوەبەرایەتییەکان

لە میانی دەستبەکاربوونیدا، ئاڤێستا شێخ محەممەد بە کەناڵ 8ی ڕاگەیاند، دەبنە خزمەتکاری هەموو کەرکووکییەکان بەبێ جیاوازی. هەروەها داوای لە هەموو بەڕێوەبەرایەتییەکانی شارەکە کرد بە هەمان گیانی خزمەتکردنەوە ئەرکەکانیان ڕاپەڕێنن.

هەڵسەنگاندنی ئاستی خزمەتگوزارییەکان

قائیمقامی نوێی کەرکووک ئاماژەی بەوە کرد، کەرکووک و ناوچەکانی دیکەش پێویستیان بە خزمەتکردنی زیاتر هەیە. جەختیشی کردەوە کە ئەوەی تاوەکو ئێستا لە شارەکەدا کراوە لە ئاستی خواست و داواکارییەکانی هاونیشتمانیاندا نەبووە، بۆیە پێویستە لە قۆناغی داهاتوودا کاری زیاتر و باشتر ئەنجامبدرێت.