پەیامە نهێنییەکەی پاکستان چی بوو کە ترەمپی توڕە کرد؟
سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەهۆی چارەسەرنەکردنی پرسی پیتاندنی یۆرانیۆم لە پێشنیازە نوێیەکەی تاران ناڕازییە و فەرمانی بە ئیدارەکەی کردووە بۆ هەموو سیناریۆکان، لەوانەش دەستپێکردنەوەی جەنگ، ئامادە بن.
ڕەتکردنەوەی پێشنیازە نوێیەکەی تاران
ڕۆژنامەی "نیویۆرک تایمز" لە زاری دوو بەرپرسی باڵای ئەمریکاوە بڵاویکردووەتەوە، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، ناڕەزایەتیی بەرانبەر پێشنیازێکی نوێی ئێران نیشان داوە کە لە ڕێگەی وڵاتی پاکستانەوە گەیشتووەتە واشنتن. ترەمپ پێیوایە پێشنیازەکە داواکارییە سەرەکییەکانی ئەمریکای تێدا بەدی نایەت و ناتوانێت ببێتە بنەمایەک بۆ ڕێککەوتن.
پیتاندنی یۆرانیۆم؛ خاڵی بنەڕەتیی ناکۆکییەکان
بەپێی زانیارییەکانی نیویۆرک تایمز، پێشنیازە نوێیەکەی تاران باسی لە کردنەوەی گەرووی هوورمز و هەڵگرتنی گەمارۆکان کردووە، بەڵام پرسی پیتاندنی یۆرانیۆمی پشتگوێ خستووە. واشنتن جەخت دەکاتەوە کە ڕاگرتنی پیتاندنی یۆرانیۆم و دیاریکردنی چارەنووسی یۆرانیۆمە پیتێنراوەکەی لای تاران، خاڵی سەرەکیی ململانێکانە و بەبێ چارەسەرکردنی ئەو پرسە هیچ ڕێککەوتنێک واژۆ ناکرێت.
ئامادەکاری بۆ ئەگەری دەستپێکردنەوەی جەنگ
دوای ڕەتکردنەوەی پێشنیازەکەی تاران، دۆناڵد ترەمپ فەرمانی بە ئیدارەکەی کردووە کە ئامادەی هەموو سیناریۆیەکی یەکلاکەرەوە بن. سەرچاوە باڵاکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە لای سەرۆکی ئەمریکا، دەستپێکردنەوەی جەنگ دژی ئێران ئەگەرێکی بەهێزە. ئەم بڕیارەش دوای ئەوە دێت کە لە 27ـی نیسانی 2026، ترەمپ سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی تایبەت و بەرفراوانی ئیدارەکەی کردووە بۆ هەڵسەنگاندنی دۆخی جەنگ و پێشنیازەکان.
پەککەوتنی دیپلۆماسی و هەڵوەشاندنەوەی دانوستانەکان
بڕیار وابوو هەفتەی ڕابردوو گەڕی دووەمی دانوستانەکانی ئەمریکا و ئێران لە ئیسلام ئابادی پایتەختی پاکستان بەڕێوە بچێت، بەڵام بەهۆی ئەوەی تاران ئامادە نەبوو ڕاستەوخۆ لەگەڵ بەرپرسانی واشنتن کۆببێتەوە، دۆناڵد ترەمپ سەردانی شاندی دانوستانکاری ئەمریکای بۆ پاکستان هەڵوەشاندەوە. ئەم چەقبەستووییە دیپلۆماسییە ئومێدەکانی بۆ گەیشتن بە چارەسەری ئاشتییانە کەمکردووەتەوە.
28/04/2026