جەنگی ئێران سێ مۆتەکەی ترسناکی بۆ تورکیا دروستکردووە

جەنگی ئێران سێ مۆتەی ترسناکی بۆ تورکیا دروستکردووە
جەنگی ئێران سێ مۆتەی ترسناکی بۆ تورکیا دروستکردووە

گۆڤاری فۆرین ئەفێرز لە ڕاپۆرتێکی شیکاریدا ئاماژە بەوە دەکات، تەنیا پەیڕەوکردنی سیاسەتی بێلایەنی بەس نییە بۆ پاراستنی ئاسایشی تورکیا و ئەو وڵاتە لەبەردەم سێ هەڕەشەی گەورەدایە کە بریتین لە داڕمانی ئێران، هەژموونی ئیسرائیل و بەهێزبوونی بەرەی کورد.

لاوازیی بەرگریی ئاسمانی و واقیعی سەربازیی تورکیا

دوای ڕووخانی ڕژێمەکەی بەشار ئەسەد لە کۆتایی 2024، تورکیا تینووی ڕۆڵی سەرکردایەتییە لە ناوچەکەدا، بەڵام ئەم خەونە لەگەڵ واقیعی سەربازییدا یەکناگرێتەوە. تورکیا لە ڕووی بەرگریی ئاسمانییەوە هێشتا پشتی بە "ناتۆ" بەستووە و کڕینی سیستەمی S-400ی ڕووسیش سوودی پێنەگەیاندووە؛ ئەم لاوازییە لە مانگی ئازاری ڕابردوودا بە ڕوونی دەرکەوت کاتێک مووشەکە باڵستییەکان بە ئاسمانی تورکیادا تێپەڕین و سیستەمەکە نەیتوانی ڕێگرییان لێ بکات.

مۆتەکەی یەکەم؛ مەترسیی داڕمانی دەوڵەتی ئێران

تورکیا هەرگیز نایەوێت داڕمانی دەوڵەتی ئێران ببینێت، چونکە ئەمە بە واتای دروستبوونی شەپۆلێکی بێشوماری پەنابەران و دروستبوونی بۆشاییەکی ئەمنی گەورە دێت لە سنوورە ڕۆژهەڵاتییەکانیدا. بەپێی ڕاپۆرتەکە، یەکێک لە ترسە هەرە گەورەکانی ئەنقەرە لە کاتی داڕمانی ئێراندا، بریتییە لە بەهێزبوونی هێزە کوردییەکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و کۆنترۆڵکردنی ناوچە سنوورییەکان لەلایەن ئەوانەوە.

مۆتەکەی دووەم؛ بەهێزبوونی بەرەی کورد و ترسی قەوارەی نوێ

جەنگی ئێران مەترسییەکی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر ئەو پرۆسە ئاشتییەی لەنێوان ئەنقەرە و پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دەستیپێکردووە. لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپ لەبارەی پڕچەککردنی کوردەکانی ڕۆژهەڵات، زەنگی مەترسی بۆ ئەردۆغان لێداوە؛ تورکیا دەترسێت قەوارەیەکی کوردی نوێ بە پشتیوانی ئەمریکا لەسەر سنوورەکانی دروست ببێت و ئەمەش خەونی سەربەخۆیی لای کوردانی ناوخۆی تورکیاش ببوژێنێتەوە.

مۆتەکەی سێیەم؛ فراوانبوونی سەربازیی ئیسرائیل لە ناوچەکەدا

ئەنقەرە بە نیگەرانییەوە تەماشای فراوانبوونی سەربازیی ئیسرائیل لە لوبنان و سووریا و هاوپەیمانییەکانی تەلئەڤیڤ لەگەڵ یۆنان و قوبرس دەکات. ئیبراهیم کاڵن، سەرۆکی دەزگای هەواڵگری تورکیا (میت) هۆشداری داوە کە ئیسرائیل دەیەوێت نەخشەی ناوچەکە دابڕێژێتەوە. تورکیا دەترسێت لە سیستەمی نوێی ناوچەکەدا، خۆی لەناو گەمارۆیەکی هاوپەیمانییەکانی ئیسرائیلدا ببینێتەوە.

ڕێگەچارەکان بۆ دەربازبوون لە گێژاوی جەنگ

ئایدن تاشباش پێشنیار دەکات تورکیا بۆ ئەوەی لە "تەماشاکەرەوە ببێتە بڕیاردەر"، چەند هەنگاوێکی بوێرانە بنێت؛ یەکەم، گۆڕینی ئاگربەست لەگەڵ پەکەکە بۆ ڕێککەوتنێکی یاسایی و پێدانی مەودای سیاسی بە کوردەکان. دووەم، تێکەڵکردنی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) لەناو دەوڵەتی نوێی سووریادا و هەماهەنگی ئەمنی لەگەڵ بەغدا. هەروەها کردنەوەی سنوورەکان لەگەڵ ئەرمینیا و پتەوکردنی سیستەمی بەرگری بە گەڕانەوە بۆ چوارچێوەی "ناتۆ".