عەلی زەیدی؛ پیاوی بانک و یاسا کێیە کە چوارچێوەی هەماهەنگی وەک کاندیدی سەرۆکوەزیران ناساندی؟
عەلی فالح زەیدی، کەسایەتییەکی تەکنۆکرات و شارەزای بواری دارایی و یاساییە، لە تەمەنی 40 ساڵیدا وەک کاندیدی نوێی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەردەکەوێت، لە کاتێکدا پێشتر هیچ پۆستێکی حیزبی یان سیاسیی لە وڵاتەکەدا نەبووە.
پاشخانی خێزانی و بڕوانامە زانستییەکان
عەلی فالح کازم ئەلزەیدی، لە ساڵی 1986 لە ناوچەی شەترەی سەر بە پارێزگای زیقار لەدایکبووە. ناوبراو لە خێزانێکی ناسراوی بواری بازرگانی گەورە بووە؛ زیاى برای خاوەنی بانکی باشووری ئیسلامییە و حسێنی برایشی خاوەنی دامەزراوەی میدیایی دیجلەیە. زەیدی خاوەنی بڕوانامەی بەکالۆریۆسە لە یاسا، هەروەها بڕوانامەی بەکالۆریۆس و ماستەری لە بواری دارایی و کاروباری بانکیدا هەیە.
ئەزموونی پیشەیی و کارگێڕی
عەلی زەیدی پێشتر هیچ پۆستێکی سیاسی یان کارێکی حیزبی لە عێراقدا نەبووە، بەڵکو وەک کەسایەتییەکی کارگێڕی و ئابووری ناسراوە. گرنگترین ئەو پۆستانەی بەرێوەی بردوون بریتین لە:
ئەندامی سەندیکای پارێزەرانی عێراق.
سەرۆکی ئەنجوومەنی کارگێڕیی کۆمپانیای قابیزە.
سەرۆکی ئەنجوومەنی بانکی باشوور.
سەرۆکی ئەنجوومەنی کارگێڕیی پەیمانگای عەشاری پزیشکی.
سەرۆکی ئەنجوومەنی کارگێڕیی زانکۆی شەعبی عێراقی.
دیدگا و تێڕوانینە هزرییەکان بۆ دەوڵەت
زەیدی خاوەنی بیرکردنەوەیەکی کارگێڕی و پراکتیکییە و بڕوای بە بونیادنانەوەی دەوڵەت لەسەر بنەمای چاکسازیی دامەزراوەیی و گەشەپێدانی ئابووری هەیە. ئەو سیاسەت وەک ئامرازێک بۆ بونیادنانی دەوڵەت دەبینێت نەک کێبڕکێ لەسەر دەسەڵات. هەروەها جەخت لەسەر تواناسازیی گەنجان و پلاندانانی ستراتیژی دەکات و پێیوایە بونیادنانی عێراق پێویستی بە دانوستان و نزیککردنەوەی بۆچوونە جیاوازەکان هەیە.
کەسایەتی و تۆڕی پەیوەندییەکان
وەک کەسایەتییەکی سەربەخۆ و تەکنۆکرات دەناسرێت کە شارەزاییەکی قووڵی لە کاروباری بانکیدا هەیە. زەیدی خاوەنی تۆڕێکی فراوانی پەیوەندییە لە ناوخۆ و دەرەوەی عێراق و بەوە ناسراوە کە لە کاتە ئاڵۆزەکاندا توانای بڕیاردانی یەکلاکەرەوەی هەیە. ئەزموونە جۆراوجۆرەکانی لە بوارەکانی یاسا، دارایی و جێبەجێکردن وەک خاڵی بەهێزی کەسایەتییەکەی بۆ وەرگرتنی ئەم پۆستە دەبینرێن.
مۆدێلی ترەمپ و ئاڵێنگاریی سزاکانی ئەمریکا
لە ناوەندە سیاسییەکانی عێراقدا، تێڕوانینە ئابووری و بازرگانییەکانی عەلی زەیدی بە هاوشێوەی مۆدێلی "دۆناڵد ترەمپ" بۆ سیاسەت ناودەبرێت، کە تێیدا ئابووری دەکرێتە چەقی بڕیارە سیاسییەکان. بەڵام خاڵێکی جێگەی سەرنج ئەوەیە کە لەو کاتەی زەیدی سەرۆکی بانکی باشوور بووە، ئەو بانکە لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە سزای بەسەردا سەپێنراوە، ئەمەش وەک یەکێک لە ئاڵێنگارییەکانی بەردەم پەیوەندییەکانی داهاتووی حکومەتەکەی لەگەڵ واشنتن دەبینرێت.
28/04/2026