سەرۆکی مۆساد نهێنى بەدەستهێنانی زانیارییەکانى لە ئێران ئاشکرا کرد ئێرانیش خۆی بۆ جەنگی درێژخایەن ئامادەکردووە
لە ناوەڕاستی جەنگێکی بێدەنگ و پڕ لە نهێنیدا، دەیڤد بارنی پیاوی یەکەمی دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیل (مۆساد) وەستابوو تاوەکو پەردە لەسەر بەشێک لەو چالاکییانە لابدات کە لە پشت دیوارە بەرزەکان و لەناو قوڵایی خاکی نەیارەکانیدا کردوویانە.
لە ڕێوڕەسمی بەخشینی خەڵات
بارنی، لە ڕێوڕەسمى بەخشینی خەڵات بە کارمەندە "سیخوڕییەکانی" دەزگاکەی، بە جۆرێک قسەی دەکرد وەک ئەوەی چیرۆکی چوونە ناو قەڵایەکی "سەخت" بگێڕێتەوە. ئەو گوتى "ئێمە شانی خۆمان داوەتە بەر شانی سوپا؛ چ لە هێرش و چ لە بەرگریدا، جەنگێکمان دژی ئێران و حیزبوڵڵا بەرپا کرد کە تێیدا ڕاستەوخۆ دڵی تارانمان کردووەتە ئامانج."
چالاکییە سیخوڕییەکانیان لە ئێران
گوتەکانی سەرۆکی مۆساد تەنیا دەربارەی تەقینەوە و چەک نەبوو، بەڵکو دەربارەی "زانیاریی" بوو. بە شانازییەوە باسی لەوەکرد چۆن سیخوڕەکانیان توانیویانە سنوورەکانی ئێران و لوبنان ببڕن و بگەنە ناو جەرگەی نهێنییە هەرە ستراتیجییەکانی دووژمنەکانیان. وەک ئەو دەڵێت، ئەو زانیارییانەی بەدەستیانهێناوە، "مێشکی" بڕیاردانی دووژمنەکانیانی بۆ ئاشکرا کردوون.
تاقیکردنەوەی شێوازی نوێی جەنگ
سەرۆکی مۆساد باسی لەوە کرد، چۆن ئەمساڵ شێوازێکی نوێی جەنگیان تاقیکردووەتەوە، شێوازێک کە تێیدا "سیخوڕە مەیدانییەکان" ئەو کەسانەی بەکرێگیراویی ئەوانن و لەناو تاراندا دەسوڕێنەوە و "تەکنەلۆجیای پێشکەوتوو" بەکاردەهێنن.
بە گوتەى بارنى، ئەم هاوئاهەنگییە وایکردووە بتوانن سەرکردەکان تیرۆر بکەن، باڵادەستی ئاسمانی بەدەستبهێنن و تەنانەت لە ڕێگەی دیپلۆماسییەکی نهێنییەوە، هاوپەیمانیی نوێ بۆ ئیسرائیل لە ناوچەکەدا درووست بکەن.
هێرشی پێشوەختە
سەرۆکی مۆساد بە پەیامێک کۆتایی بە گوتەکانی هێنا و گوتی "ئێمە هێشتا لەوپەڕی ئامادەییداین. هەرکاتێک هەست بە هەڕەشەیەک بکەین، بە هەموو هێزێکمانەوە هێرشی پێشوەختە دەکەین، تاوەکو مەترسییەکان مابن، چاوی ئێمە ناچێتە خەو."
بەرپەرچدانەوەی دووژمن بە ئامرازی نوێ
لە بەرامبەر ئەو گوتانەی سەرۆکی دەزگای مۆساد، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئێران ڕایگەیاند، دووژمن هەر جووڵەیەک بکات بە تووندترین شێوە و بە ئامرازی نوێ وەلامدەدرێتەوە، دەشڵێت، تێپەڕبوون بە گەرووی هوورمزدا بە پرۆتۆکۆلی نوێ دەبێت دوای جەنگ.
مەترسییەکانی جەنگ
ڕەزای تەڵایی، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئێران ڕایگەیاندووە، جەنگ و دووژمنکاریی دژی ئێران، تەنیا پشێوی و نەمانی ئاسایش و شکستهێنانی بنەماکانی سیستمی گشتیی جیهانی لێدەکەوێتەوە.
بەلای ئێرانەوە جەنگ کۆتایی نەهاتووە
دەشڵێت، بەلای ئێمەوە جەنگ کۆتایی نەهاتووە، بەڵکو تەنیا بێدەنگبوونی مەیدانی جەنگە، دووژمن ئاگادار دەکەینەوە، هەر جووڵەیەک لە دژمان بکات، بە تووندترین شێوە و بە ئامرازی نوێ وەڵامیان دەدەینەوە.
نوێکردنەوەی ئامانجەکان
ڕەزا تەڵایی باسلەوە دەکات، ئێران ئامانجەکانی نوێ دەکاتەوە، بە سوود وەرگرتن لە ئەزموونە کەڵەکەبووەکانیان.
بە گوتەی وەزارەتی بەرگریی ئێران، وڵاتەکەی ئامادەیە بۆ ئەنجامدانی جەنگێکی درێژمەودا.
داهاتووی گەرووی هورمز
سەبارەت بە داهاتووی گەرووی هوورمز، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئێران دەڵێت، جووڵەی کەشتییەکان بە گەرووی هوورمز دوای جەنگ، بەگوێرەى پرۆتۆکۆلێک دەبێت، ئاسایشی ئێران نەخاتە مەترسییەوە.
28/04/2026