دۆناڵد ترەمپ بۆ یاریدەرەکانی: درێژە بە گەمارۆکانی سەر ئێران بدەن

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا. فۆتۆ: AFP
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا. فۆتۆ: AFP

سەرۆکی ئەمریکا بژاردەی فشارە ئابوورییەکان نەک سەربازی هەڵدەبژێرێت و داوا لە تیمەکەی دەکات ئامادەکاری بۆ گەمارۆی درێژخایەن بکەن بە ئامانجی ناچارکردنی تاران بۆ دانوستان.

ڕاسپاردنی یاریدەدەرەکان بۆ فشارەکان

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا سەرجەم یاریدەرەکانی ڕاسپاردووە درێژە بەو گەمارۆییەی سەر ئێران بدەن. ئامانج لەم هەوڵەی ترەمپ گوشار خستنە سەر تارانە بۆ ئەوەی ناچاربێت بگەڕێتەوە بۆ سەر مێزی گفتوگۆ و ڕازی بێت بەو داواکارییانەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هەیەتی.

هۆکاری بەردەوامبوونی گەمارۆکان

ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ لە زاری بەرپرسانەوە بڵاوی کردووەتەوە، دۆناڵد ترەمپ لە کاتی کۆبوونەوەی لەگەڵ تیمی ئاسایشی نیشتمانی، بە یاریدەرەکانی ڕاگەیاندووە کە پێویستە خۆیان بۆ گەمارۆیی درێژخایەن ئامادە بکەن. ئەم بڕیارە دوای ئەوە دێت کە ترەمپ پێی وایە بژاردەکانی دیکەی وەک دەستپێکردنەوەی هێرش یان دوورکەوتنەوە لە ململانێکە، مەترسی زیاتریان هەیە بەراورد بە درێژەدان بە گەمارۆ ئابوورییەکان.

ڕەتکردنەوەی پێشنیازەکانی ئێران

بەپێی زانیارییەکانی ڕۆژنامەکە، ترەمپ لەبارەی ئەو پێشنیازەی ئێران خستووەتەڕوو ڕازی نییە و بە یاریدەدەرەکانی ڕاگەیاندووە، پێشنیازی ئێران بۆ کردنەوەی گەرووی هوورمز و دواخستنی دانوستانە ئەتۆمییەکان بۆ قۆناغی دیکە، ئەوە دەسەلمێنێت کە تاران بە نیەتێکی باشەوە دانوستان ناکات.