ڕاپرسییەکی نوێ: 31%ی ئیسرائیلییەکان بیر لە جێهێشتنی وڵات دەکەنەوە

بەشێک لە هاوڵاتییانی ئیسرائیل لە کاتی بەسەربردنی کاتەکانیان لە کەناردەریای وڵاتەکەیاندا
بەشێک لە هاوڵاتییانی ئیسرائیل لە کاتی بەسەربردنی کاتەکانیان لە کەناردەریای وڵاتەکەیاندا

ناوخۆی ئیسرائیل ڕووبەڕووی شەپۆلێکی بێ متمانەیی بووەتەوە و زۆرینەی هاووڵاتیان لە سیاسەتەکانی نەتانیاهوو ناڕازین و نیگەرانی ئاییندەی وڵاتەکەیانن.

دابەزینی متمانە بە نەتانیاهوو

بەپێی ڕاپۆرتێکی نوێی "پەیمانگای ئاگام" و "زانکۆی عیبری" کە لە کۆتایی مانگی نیساندا ئەنجام دراوە، 66%ی هاووڵاتیانی ئیسرائیل لە سیاسەتەکانی بنیامین نەتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی وڵات ناڕازین. ناوبانگی نەتانیاهوو بە ڕادەیەک پاشەکشەی کردووە کە لە ڕاپرسییەکاندا بەرامبەر ڕکابەرەکانی وەک "نەفتالی بێنێت" و "گادی ئایزێنکۆت" بە جیاوازییەکی زۆر دەدۆڕێت.

هەوڵەکان بۆ کۆچکردن و جێهێشتنی ئیسرائیل

ئەنجامەکانی ڕاپرسییەکە پەردە لەسەر ڕاستییەکی نوێ لادەبەن، ئەویش ئەوەیە کە 31%ی ئیسرائیلییەکان بیریان لە کۆچکردن و جێهێشتنی وڵات کردووەتەوە. لە ناو ئەو ڕێژەیەدا، 14%یان بە کردەیی دەستیان بە ڕێکارەکان کردووە بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری کۆچکردن، ئەمەش وەک نیشانەیەک بۆ درزکەوتنی ئاسایشی دەروونی لەناو کۆمەڵگە هەژمار دەکرێت.

تێڕوانین بۆ پێگەی سەربازی و جیهانی

لە ڕووی سەربازییەوە، تەنها 50%ی هاووڵاتیان پێیان وایە ئێران لاواز بووە، لە بەرامبەردا یەک لەسەر سێی کۆمەڵگەی ئیسرائیلی پێیان وایە پێگەی وڵاتەکەیان لە جیهاندا بەرەو لاوازی چووە. ڕاپرسییەکە ئاماژە بەوە دەکات کە چیتر "هێزی سەربازی" ناتوانێت قەناعەت بە شەقامی ئیسرائیلی بهێنێت کە باڵادەستیی ستراتیژییان پارێزراوە.

بارودۆخی بەرەی باکوور و غەززە

سەبارەت بە بەرەی باکوور، 41%ی بەشداربووان دژی ڕاگرتنی شەڕن لەگەڵ حیزبوڵڵا لە بارودۆخی ئێستادا، بەڵام هاوکات 58%یان پشتیوانی لە گفتوگۆی ڕاستەوخۆ و ڕێککەوتنی ئاشتی لەگەڵ لوبنان دەکەن. لە بەرەی غەززەشدا، زیاتر لە 57%ی هاووڵاتیان پێیان وایە لەناوبردنی تەواوەتی حەماس لە ساڵانی داهاتوودا کارێکی مەحاڵە یان ئەگەرەکەی زۆر لاوازە.

داواکاری بۆ لێکۆڵینەوە لە شکستەکان

بەپێی ئەنجامەکان، 72%ی هاووڵاتیانی ئیسرائیل داوا دەکەن لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی سەربەخۆ بۆ ئاشکراکردنی هۆکارەکانی شکستی 7ی ئۆکتۆبەر پێکبهێنرێت. هەروەها 70%ی جووەکانی ناو ئیسرائیل نیگەرانن لە بەرزبوونەوەی شەپۆلی دژە جوو لە جیهان و دەزانن کە تێکچوونی پەیوەندییەکان لەگەڵ وڵاتانی ڕۆژئاوا مەترسییەکی درێژخایەنە بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیییان.