شوێنی تایبەت بە وەرزش و ڕاکردن لە پارکى ئازادى دەکرێتەوە

پڕۆژەی دروستکردنی شوێنی تایبەت بە وەرزش و ڕاکردن لە ناو پارکى ئازادى دەکرێتەوە و ئەم هەنگاوە وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ پێویستییە زۆرەکانی وەرزشوانانی شارەکە.

لەیلا عومەر، سەرۆکى شارەوانى سلێمانى، راگەیاندووە، پارکی ئازادی وەک یەکێک لە گرنگترین و مێژووییترین ناوەندەکانی حەوانەوە و سەوزایی لە شاری سلێمانی، هەمیشە جێگەی بایەخی هاوڵاتییان بووە. لە چوارچێوەی پلانی پەرەپێدانی شار و گرنگیدان بە ژێرخانی وەرزشی سەرلەبەیانی ئەمڕۆ، چوارشەممە ، سەردانی پارکی ئازادیمان کرد بەمەبەستی بەدواداچوونی مەیدانی بۆ پڕۆژەی دروستکردنی شوێنی تایبەت بە وەرزش و ڕاکردن لە ناو پارکەکە. ئەم هەنگاوە وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ پێویستییە زۆرەکانی وەرزشوانانی شارەکە دێت.

ئەم پڕۆژەیە بە دەستخۆشییەوە بە پشتیوانی و ڕاسپاردەی ڕاستەوخۆی بەڕێز قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و بە هاوئاهەنگیی بەڕێوەبەرایەتیی وەرزشی سلێمانی جێبەجێ دەکرێت.

سەرۆکى شارەوانى سلێمانى ئەوەشى خستووەتە روو، ئەم ڕاسپاردەیە نیشاندەری دیدگای بەڕێز قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران بە پەرەپێدانی کلتووری وەرزشی وەک بەشێک لە تەندروستی کۆمەڵگە و باشترکردنی سیمای شار و خزمەتگوزارییە گشتییەکان هەروەها دابینکردنی ناوەندێکی گونجاو بۆ گەنجان و وەرزشوانان لە شوێنە گشتییەکاندا.

پڕۆژەکە بە جۆرێک دیزاینکراوە کە لەگەڵ ستانداردە جیهانییەکانی گۆڕەپان و مەیدان بگونجێت و درێژی تراکەکە400 مەترە، کە ئەمەش پێوانەیەکی ستانداردە بۆ ڕاکردنی خێرا و ماوەدرێژ هەروەها پانایی تراکەکە 4 مەترە و دابەشکراوە بۆ4 هێڵی جیاواز (4 Tracks). ئەم دابەشکارییە ڕێگە دەدات چەندین وەرزشوان لە یەک کاتدا بەبێ دروستکردنی ئاستەنگ بۆ یەکدی، وەرزش ئەنجام بدەن.

دیزاینی شوێنەکە تەنها بۆ پیادەڕەوی سادە نییە، بەڵکو بەهۆی وردی پێوانەکان و جۆری کارکردن تێیدا، توانای میوانداریکردنی پاڵەوانێتییە فەرمییە ناوخۆییەکان و گۆڕەپان و مەیدانی هەیە لەسەر ئاستی پارێزگا و هەرێم ئامانج ئەوەیە پڕۆژەکە بە باشترین کەرەستە و لە کاتێکی گونجاودا تەواو بکرێت تا ببێتە دیارییەکی بەنرخ بۆ هاوڵاتییانی خۆشەویستی سلێمانی و وەرزشوانانی شارەکە.