محەممەد شوکری: لە 20 ساڵ دا بە بەهای 80 ملیار دۆلار پڕۆژەی وەبەرهێنان کراوە
سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان ئامارە نوێیەکانی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان ئاشکرا دەکات و ڕایدەگەیێنێت، کەرتی پیشەسازی پشکی شێری لە پڕۆژەکاندا هەیە.
ئاماری گشتیی پڕۆژەکان
محەممەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی کوردستان، ڕایگەیاند، لە ماوەی 20 ساڵی ڕابردوودا، ژمارەی پڕۆژەکانی وەبەرهێنان گەیشتووەتە زیاتر لە 1700 پڕۆژە. کۆی بەهای ئەم پڕۆژانە بە 80 ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێت کە لە کەرتە جیاوازەکاندا جێبەجێ کراون.
دابەشبوونی کەرتەکان و پیشەسازی
بەگوێرەی گوتەکانی سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان، 45%ـی کۆی پڕۆژەکان لە کەرتی پیشەسازی دا بوون، بەتایبەت لە بوارەکانی ئاسن و پۆڵا، چیمەنتۆ، پاڵاوگە، وێستگەکانی کارەبا و ژێرخان. هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، کەرتی نیشتەجێبوون 15%ـی پڕۆژەکان پێکدەهێنێت و ئێستا حکومەت بەووردى چاوى خستووەتە سەر کەرتەکانی پیشەسازی، کشتوکاڵ و گەشتیاری.
وەبەرهێنانی بیانی و وڵاتانی بەشدار
محەممەد شوکری، ئاشکرای کرد، ڕێژەی وەبەرهێنانی بیانی لە هەرێمی کوردستان دەگاتە 17%. ئەو وڵاتانەی لە هەرێمدا وەبەرهێنان دەکەن بریتین لە: تورکیا، ئێران، لوبنان، ئیمارات، ئوردن، سعوودیە، کووەیت، میسر، فەڕەنسا، بەریتانیا، ئەمریکا و چین.
هەماهەنگی لەگەڵ بەغداد
لەبارەى پەیوەندییەکان لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵ، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان ئاماژەی بەوە کرد، لیژنەیەکی هاوبەش لەگەڵ دەستەی نیشتمانیی وەبەرهێنانی عێراق پێکهێنراوە. ئامانجی ئەم لیژنەیە پەرەپێدانی هەماهەنگییەکانە لە بواری پیشەسازی دا، بە جۆرێک کە خزمەت بە بەردەوامیی جووڵەی وەبەرهێنان لە سەرتاسەری وڵاتدا بکات.
گەشەی وەبەرهێنان و ئاستەنگییەکان
لە کۆتاییدا، محەممەد شوکری جەختی کردەوە، ژمارەی پڕۆژەکانی وەبەرهێنان بەڕێژەی 400% زیادی کردووە بەراورد بە ماوەی پێش ساڵی 2022. ئەم گەشەکردنە لە کاتێکدایە کە چەندین ئاستەنگی ناوخۆیی و دەرەکی هەبوون، بەتایبەت دۆخی ئەمنی ناوچەکە، بەڵام پرۆسەی وەبەرهێنان بەردەوامی هەبووە.
30/04/2026