وەزارەتى کشتوکاڵى هەرێم: چاوەڕێى بەغدادین بۆ یەکلاکردنەوەى بڕى گەنمى وەرگیراو

کۆگایەکی گەنم
کۆگایەکی گەنم

هیوا هەلى، گوتەبێژى وەزارەتى کشتوکاڵ و سەرچاوەکانى ئاوى حکومەتى هەرێمى کوردستان بەکەناڵ8ـى ڕاگەیاند" لیژنەى کشتوکاڵى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق پێشنیازى کردووە 400 هەزار تۆن گەنم لەهەرێمى کوردستان وەربگیرێت لەبرى 292 هەزار تۆن گەنمى پێشنیازکراو".

پشکى گەنمى هەرێم

ڕاشیگەیاند" وەکو وەزارەتى کشتوکاڵ چاوەڕێى ئەوە لە بەغداد دەکەین نیوەى بەرهەمى گەنمى هەرێمى کوردستان لەلایەن بەغدادەوە وەربگیرێت".

ئەوەشى دووپاتکردەوە، چاوەڕێى هەوڵەکانى سەرۆککۆمارى عێراق و فراکسیۆنە کوردییەکان دەکەن کە فشارەکانیان چڕبکەنەوە بۆ زیادکردنى بڕى وەرگرتنى گەنم لە عێراق، گوتیشى" وەزیرى کشتوکاڵ لەگەڵ سەرۆککۆمارو وەزیرە کوردەکان گفتوگۆى کردووەو بڕیاریشە لە ئەنجوومەنى وزارى ئابوورى پرسى وەرگرتنى گەنم یەکلابکرێتەوە".

بڕى گەنمى وەرگیراوى جوتیارانى هەرێمى کوردستان

هاوکات، نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەرى بازرگانى لەوەزارەتى بازرگانى و پیشەسازى بە کەناڵ8ـى گوت" ئێمە نوێنەرى حکومەتى هەرێم بوون لە لیژنەى بەبازاڕکردنى گەنمى عێراق و ئەو نوسراوەمان واژۆ نەکرد کە 292 هەزار تۆن گەنمى بۆ هەرێمى کوردستان دیاریکردبوو".

بەرهەمى گەنمى ئەمساڵ 1 ملیۆن و 500 هەزارە

ئەوەشى ڕوونکردەوە، تاوەکو دوایین کات هەوڵ و فشار دەکەین بۆ زیادکردنى بڕى وەرگرتنى گەنم لەلایەن بەغدادەوە، چونکە بەرهەمى گەنمى ئەمساڵ زیاتر لە یەک ملیۆن و 500 هەزار تۆن دەبێت و هەرێمى کوردستانیش بەوەرگرتنى 400 هەزار تۆن ڕەزامەند نابێت و چاوەڕێى زیاتر لە 500 هەزار تۆن دەکات.