شارەوانیى سلێمانى: چاکسازیکردن لە شەقامەکان خێراتر کراوە
هەڵمەتی چاکسازیکردن لە شەقامەکانی شاری سلێمانی خێراترکراوە و ئەمڕۆش بەشێکى شەقامى بازنەیی مەلیک مەحموود بەڕووى شۆفێران و هاونیشتمانییان دادەخرێت، داواش دەکرێت ڕێگاکانی دەورووبەر وەک جێگرەوە بەکاربهێنرێن تاوەکو کارەکانی نۆژەنکردنەوە کۆتاییان دێت.
ئەمڕۆش بەشێکى شەقامى بازنەیی مەلیک مەحموود دادەخرێت
سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانیی لە ئاگادارینامەیەکدا ڕایگەیاند، پاڵپشت بە فەرمان و ڕاسپاردەی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران هەڵمەتی چاکسازیکردن لە شەقامەکانی شاری سلێمانی خێراتر کراوە و ئەمڕۆ هەینى تیمەکانیان لە بەشی پڕۆژەکانی سەرۆکایەتیی شارەوانیی، دەستدەکەن بە کاری قیرتاوکردن.
بۆ قیرتاوکردنەوە و چاککردنەوەی
دەشڵێت: شەقامى بازنەیی مەلیک مەحموود مەودای نێوان گوندی ئەڵمانی بۆ مەکتەبی سیاسی یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان، لە کاتژمێر 8:00ـی شەوەوە بە تەواوی بەربەست دەکرێت بەمەبەستی ڕەشکردنەوە، پاککردنەوەی شەقامەکە و ئامادەسازیی بۆ کاری قیرتاوکردن، تاوەکو بە کەمترین ماوە شەقامەکە ئامادە بکرێتەوە بۆ هاتوچۆکردن.
خۆ بەدوورگرتن لە درووستبوونی جەنجاڵی
شارەوانیى سلێمانى داواش لە شۆفێران و هاونیشتمانییان دەکات بۆ دوورکەوتنەوە لە دروستبوونی جەنجاڵی، ڕێگاکانی دەورووبەر وەک جێگرەوە بەکاربهێنن تاوەکو ئەو کاتەی تیمەکانیان کارەکانیان کۆتایی پێدەهێنن.
هەڵمەتی نۆژەنکردنەوەی شەقامەکان
ماوەى چەند ڕۆژێکە، سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی هەڵمەتێکی فراوانی بۆ نۆژەنکردنەوەی شەقامەکان دەستپێکردووە و تیمەکانیان بە شەو و ڕۆژ سەرقاڵی چاککردنی ئەو شوێنانەن کە بەهۆی بارانەوە زیانیان بەرکەوتووە.
بارانبارینی بەخوڕ زیانی بە بەشێک لە شەقامەکان گەیاندووە
بەهۆی بارانبارینی بەخوڕ و بەردەوام لە ماوەی ڕابردوودا، لافاو و باراناو زیانی بە بەشێک لە شەقامەکانی سلێمانی گەیاندووە و چاڵ و چۆڵی زۆری تێدا دروستبووە. شارەوانی جەخت دەکاتەوە کە هەڵمەتەکە هەموو ئەو شوێنانە دەگرێتەوە کە زیانیان بەرکەوتووە تاوەکو لە کەمترین ماوەدا ئاستەنگی هاتووچۆی شۆفێران چارەسەر بکرێت.
قوباد تاڵەبانی هەڵمەتی گەورەی چاککردنەوەی خێرای ڕێگاوبانەکانی ڕاگەیاند
ڕۆژی 15ـی نیسانی 2026، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتییەکانی شارەوانی و ڕێگاوبان، هەڵمەتێکی گەورەی بۆ چاککردنەوەی خێرای ڕێگاوبانەکان ڕاگەیاند. هاوکات بڕیاریدا دەست بە جێبەجێکردنی چەند پڕۆژەیەکی دروستکردنی شەقامی نوێ بکرێت کە پێشتر بڕیاریان لەسەر درابوو.
کاراکردنی پۆرتاڵی خزمەت
بۆ خێراترکردنی پڕۆسەی چاککردنەوەکە، قوباد تاڵەبانی داوای لە هاونیشتمانییان کردووە لە ڕێگەی "پۆرتاڵی خزمەت"ەوە لایەنە پەیوەندیدارەکان لە خراپبوونی ڕێگاوبانەکان ئاگاداربکەنەوە. ئەم هەنگاوە یارمەتیدەر دەبێت تاوەکو تیمەکانی نۆژەنکردنەوە بەزوویی بگەنە شوێنەکان و دەست بە چاککردنی ئەو شەقامانە بکەن کە ئاستەنگیان بۆ هاونیشتمانییان دروستکردووە.
01/05/2026