عومەر وائیلى: هەناردەى نەوتى خاو لە دەروازەى ڕەبیعەوە بۆ سووریا دەستیپێکرد
عومەر وائیلی، سەرۆکی دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق ڕایگەیاند، پڕۆسەی هەناردەکردنی نەوتی خاو لە ڕێگەی دەروازەی ڕەبیعەوە دەستی پێکردووە و لە هەنگاوی یەکەمدا 70 تانکەر هەناردە کراون.
ڕەبیعە دەروازەیەک بۆ بە بازاڕکردنی نەوت
ڕاشیگەیاند، "ئەم هەنگاوە سەرەتایەکە بۆ کاراکردنی دەروازەی ڕەبیعە وەک ڕێڕەوێکی ستراتیجی بۆ هەناردەکردنی نەوتی خاو، ئەمەش دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی فشار لەسەر دەروازەکانی دیکە و هەمەجۆرکردنی ڕێگاکانى بەبازاڕکردنى نەوت، جگە لە پاڵپشتیکردنی ئابووریی نیشتمانی و زیادکردنی داهاتەکان."
پەرەپێدانی ژێرخان و خزمەتگوزاری لۆجستی
ناوبراو ئاماژەی بەوەش کردووە، "کارەکان بەردەوامن بۆ زیادکردنی توانای وەرگرتنی دەروازەکە و پەرەپێدانی ژێرخان و خزمەتگوزارییە لۆجستییەکانی، بەجۆرێک کە لەگەڵ قەبارەی ئەو چالاکییە چاوەڕوانکراوەدا بگونجێت کە لە قۆناغی داهاتوودا بەدی دەکرێت."
کەمکردنەوەی مەترسی لەسەر هەناردەکردنی نەوت
هەروەها گوتیشی،: "هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی دەروازە وشکانییەکانەوە بژاردەیەکی گرنگە بۆ هەمەجۆرکردنی ڕێگاکانی بەبازاڕکردن و کەمکردنەوەی ئەو مەترسییانەی لەسەر هەناردەکردنى نەوت هەیە".
بڕی نەوتی هەناردەکراو لە ڕێگەی هێڵی نەوتی هەرێمی کوردستانەوە
هاوکات عێراق لە ڕێگەى هێڵى نەوتى هەرێمى کوردستانەوە، ڕۆژانە 210 هەزار بەرمیل نەوتى کەرکووک و 20 بۆ 25 هەزار بەرمیل نەوتى هەرێمى کوردستان هەناردەى بەندەرى جەیهان دەکرێت.
ئەمە لە کاتێکدایە، بەهۆى داخستن و سنووردارکردنى گەرووى هوورمز، بەغداد هەموو هەوڵێک دەدات کەناڵ و ڕێگەکانى هەناردەکردن زیاد بکات، چونکە داهاتى مانگى ئازار بەهۆى جەنگى ئێرانەوە لە دوو ملیار دۆلار کەمتر بووە.
01/05/2026