وەزارەتی نەوت: بۆریی فیشخابوور-جەیهان توانای هەناردەکردنی 600 هەزار بەرمیل نەوتی هەیە

پرۆسەی چاککردن و نۆژەنکردنەوەی یەکێک لە کێڵگە نەوتییەکانی باشووری عێراق، فۆتۆ: AFP
پرۆسەی چاککردن و نۆژەنکردنەوەی یەکێک لە کێڵگە نەوتییەکانی باشووری عێراق، فۆتۆ: AFP

وەزارەتی نەوتی عێراق کۆتاییهاتنی کارەکانی نۆژەنکردنەوەی بۆریی گواستنەوەی نەوتی فیشخابوور بۆ بەندەری جەیهان ڕادەگەیەنێت، کە قەبارەی هەناردەکردنی نەوتی عێراق بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد دەکات.

توانای هەناردەکردنی بۆرییەکە

وەزارەتی نەوتی عێراق ئاشکرای کرد، کارەکانی خستنەوەگەڕی بۆریی هەناردەکردنی نەوتی خاوی فیشخابوور - جەیهان گەیشتووەتە قۆناغی کۆتایی. ئەم بۆرییە توانای هەناردەکردنی لە 600 هەزار بەرمیلەوە دەستپێدەکات و دەتوانرێت لە ئاییندەدا ئاستەکەی بۆ یەک ملیۆن و 600 هەزار بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا بەرز بکرێتەوە.

ئامانجی پڕۆژەکە و هۆکاری دواکەوتن

ساحیب بەزون، گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق ڕایگەیاند، ئامانجی سەرەکیی ئەم پڕۆژەیە بەرزکردنەوەی توانای هەناردەکردنی نەوتی وڵاتە بۆ بازاڕە جیهانییەکان. ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد کە هۆکاری دواکەوتنی کارەکانی نۆژەنکردنەوە تەنیا بۆ ڕێکارە تەکنیکییەکان دەگەڕێتەوە و هیچ کێشەیەکی جەوهەری لە ئارادا نییە.

نۆژەنکردنەوە و زیانەکانی سەردەمی داعش

گوتەبێژی وەزارەتی نەوت ڕوونیکردەوە، ئەم بۆرییە پێویستی بە پشکنینی گشتگیر هەبووە، چونکە بۆ ماوەیەکی درێژ پشتگوێخرابوو و لە سەردەمی شەڕی داعشدا لە ناوچەکە زیانی بەرکەوتبوو. لە ئێستادا کارەکان لە قۆناغی پشکنینی "هایدرۆستاتیکی" بۆ بەشی کۆتایی بۆرییەکە و گۆڕینی پەمپەکان دان، تاوەکو دڵنیایی تەواو لە سەلامەتیی کارکردنی بۆرییەکە وەربگیرێت.

گرنگیی ستراتیژیی بۆرییەکە

بەگەڕخستنەوەی ئەم بۆرییە دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی قەبارەی هەناردەکردنی نەوتی عێراق و سەقامگیرکردنی پڕۆسەی دابینکردنی وزە. وەزارەتی نەوت جەخت دەکاتەوە کە ئەم هەنگاوە پایەیەکی گرنگی ئابووریی عێراق بەهێزتر دەکات و داهاتی گشتیی وڵات زیاد دەکات.