خەونەکەی هەولێر لەبار مەبەن
ئاراس رواندزی
پێچەوانەی هەموو پێشبینیەکانی بەر لە دەستپێکی خولی ئەستێرەکان، یانەکەی قەڵاو منارە ئەمساڵ بە ئاستێکی نایاب دەرکەوتووەو رکابەرێکی بەهێزە بۆ بە بەدەستهێنانی یەکێک لە بلیتەکانی پاڵەوانێتی ئاسیاو بە دیهێنانی ئاواتە لە مێژینەکەی هاندەرانی، لێ گرفت و دێوەزمەکەی هەموو ساڵێ کە قەیرانی دارایی و نەبوونی پشتیوانیەکی پتەوە، خەریکە خەونە خۆشەکەی هەوادارانی قەڵاو منارە لە بار دەبات!
ساڵانێکی زۆرە هاندەرانی هەولێر خەیاڵی گەڕانەوە بۆ سەردەمی زێڕین و بەشداریکردنی تیپەکەیان لە پاڵەوانێتیەکانی دەرەوە دەکەن، لێ کێشەو گرفتە بێ شوومارەکانی نوێنەرەکەی پایتەخت بە درێژایی ئەو ماوەیە، وایکردبوو ئەو تیپە تۆقێنەرەی جاران ببێتە جێگای بەزەیی، بە ئەندازەیەک خەونەکان لە پاڵەوانبوون و رکابەریکردنی نازناو، بۆ مانەوە لە ریزی گەورەکان گۆڕابوو!
دیارە لە ئێستادا هیچ پێویست نیە من رەخنە لە کارگێڕی تیپەکە بگرم کە بە درێژایی ئەو هەموو ساڵە نەیانتوانیوە یانەکە بخەنە دۆخی خۆبژێوی، چونکە هۆکارەکان زۆرن و بەشێکیشیان گرێدراوی دۆخی دەیەی رابردووی هەرێمن، بۆیە ئەوەی گرنگە بەپەلە هەنگاوی بۆ بنرێت، ئاوڕدانەوەی حکومەت و سەرمایەدارانە لەو یانەیەی کە ساڵانێک وەک باڵوێز کوردستانی بە وڵاتانی جیهان دەناساند، کەوایە پێویستە بەهەر شێوەیەک بێ دەستی هاوکاری بۆ یانەکەی قەڵاو منارە درێژ بکرێت، بۆ ئەو مەبەستە گرنگە فشاری هەمەلایەنە بکرێت و داواکە بگەیەنرێتە سەرۆکی حکومەت، تاکو ئەو دەرفەتە زێڕینەی کە هاتۆتە پێش، بە ئاسانی لەدەست نەچێت.
نایشارمەوە گەر یانەی هەولێر گیرۆدەی قەیرانی دارایی و ستەمی بێ ئەندازەی ناوبژیوانان نەبوایەوە، بە دڵنیاییەوە بە جیاوازیەکی زۆر پێشەنگی ریزبەندی یانەکانی گرتبوو، بەڵام داخەکەم ئەو دوو هۆکارە وایکرد ئاسانترین دەرفەت بۆ بردنەوەی نازناوی خولەکە لەدەستبدرێ، هەر چەندە بەو دۆخەشەوە بەدەستهێنانی بلیتێکی ئاسیا گەورەترین دەسکەوتە گەر کوڕانی باسم قاسمی راهێنەر بتوانن ئەو ئامانجە بەدیبێنن.
لە کۆتاییدا دەمەوێ بە جەماوەری یانەکەی پایتەخت بڵێم گەر دەتانەوێ ئیمپڕاتۆریەتە تۆقێنەرەکەتان بنیات بنێنەوەو هەولێر بۆ ریزی گەورەکانی ئاسیا بگەڕێننەوە، فشارەکانتان چڕ بکەنەوەو بەپەلە داواکانتان بە حکومەت و سەرمایەداران بگەیەنن، تا کات دژی ئامانجەکانتان نەوەستاوەتەوە.
02/05/2026