جێگری کونسوڵی چین: مام جەلال سەرکردە و دەوڵەتمەدارێکی مەزن بوو
ژانگ ژیانژین، جێگری کونسوڵی گشتیی چین لە هەرێمی کوردستان سەردانی مەزاری مام جەلالی کرد لە سلێمانی و لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کەناڵ8 گوتی: مام جەلال سەرکردەیەکی نایاب بوو بۆ گەلی کوردستان و دەوڵەتمەدارێکی مەزن بوو بۆ عێراق.

مام جەلال ژیانی تەرخان کردبوو بۆ چەسپاندنی دادپەروەری
جێگری کونسوڵی گشتیی چین لە هەرێمی کوردستان ستایشی ڕۆڵی مام جەلالی کرد لە پەرەپێدان و پێشخستنی پەیوەندییەکانی چین و عێراق، گوتیشی مام جەلال هاوڕێی دێرینی گەلی چینیش بوو و ژیانی تەرخان کردبوو بۆ چەسپاندنی دادپەروەری و یەکسانی لەنێوان هەموو پێکهاتەکانی عێراق.

هاوڕێیەکی دێرینی گەلی چین بوو
ژان جیان شین، جێگری کونسوڵی چین لە هەرێمی کوردستان باسی ئەوەشیکرد، "ئەمڕۆ لێرەین بۆ بەرزڕاگرتنی یادی خوالێخۆشبوو جەلال تاڵەبانی، ئەو سەرکردەیەکی زۆر نایاب بوو بۆ گەلی کوردستان، هاوکات دەوڵەتمەدارێکی مەزن بوو بۆ عێراق، بەهەمانشێوە هاوڕێیەکی دێرینی گەلی چینیش بوو، تەواوی ژیانی خۆی تەرخان کردبوو بۆ چەسپاندنی دادپەروەری و مافی گەلەکەی و جێبەجێکردنی یەکسانی لەنێوان هەموو پێکهاتەکانی عێراق، ئێمە وەکو چین پێزانینی زۆرمان هەیە بۆ هەوڵەکانی بۆ پێشخستنی پەیوەندی و هەماهەنگیی نێوان چین و عێراق".



02/05/2026