بۆ یەکەمجار لە مێژوودا یانەى ئامەدسپۆر گەیشتە خولى نایابی تورکیا؛ دوای 36 ساڵ لە دامەزراندنی
یانەی ئامەدسپۆر؛ یانە گەورەکەی باکووری کوردستان لە تاقیکردنەوە قورسەکە دەرچوو و پاش یەکسانبوونى لەگەڵ ئیدرسپۆر بە سێ گۆڵ، بۆ سەکەمجار لە مێژووی خۆیدا گەیشتە خولی گەورەکانی تورکیا، کە خولی نایابی ئەو وڵاتەیە.
پاش 36 ساڵ لە دروستبوونی
ئامەدسپۆر، بۆ یارییەکەى ئەمڕۆى گەشتى شاری ئیدری باکووری کوردستانى کرد و لە دواین هەفتەی خولی پلە یەکی تورکیدا کە 38ـەمین هەفتەیە، ڕووبەڕووی ئیدرسپۆر بووەوە، یارییەکە بە سێ گۆڵ بۆ هەر لایەکیان کۆتاییهات، بەم ئەنجامەش ئامەدسپۆر پاش 36 ساڵ لە دروستبوونى، گەیشتە خولى نایابی تورکیا.
خاڵەکان و بردنەوەی ئامەد سپۆر
ئامەدسپۆر و ئەرۆکسپۆر هەریەکەیان 73 خاڵیان هەبوو، لە دوو یاریی نێوانیان لەم خولەدا، لە یاریی یەکەمدا بە گۆڵێک یەکسان بوون و لە یاریی دووەمدا، ئامەدسپۆر یارییەکەی بە دوو گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک بردەوە، بەو جۆرەش یانەی ئامەدسپۆر پلەى دووەمی خولەکەى مسۆگەرکرد.
یاریکردن لەگەڵ یانە گەورەکان
ئامەدسپۆر کە یەکەم ساڵە لە خولی پلە یەک یاریی دەکات، گەیشتە خەونە گەورەکەی کە خولی نایابی تورکییە و لەگەڵ یانە گەورەکانی وەک گاڵاتاسارای، فەنەرباخچە و بەشیکتاش یاریی دەکات، ئەوەش ڕاستەوخۆ دەرگای بۆ دەکاتەوە، لە داهاتوودا بگاتە خولی ئەورووپا و یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا.
ئاهەنگ دەگێڕن
ئێستا کورد و بەتایبەت ئامەدییەکان بۆ سەرکەوتنی یانەکەیان، ئاهەنگی گەیشتن بە خولە گەورەکە دەگێڕن.
02/05/2026